۱۳۹۵/۰۵/۲۳


ڕێژیمی ئێران بۆ تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان لە تۆپی جۆری فسفۆڕی کەڵکی وەرگرتووە


ڕێژیمی ئێران بۆ تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان لە تۆپی جۆری فسفۆڕی کەڵکی وەرگرتووە

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی دەستدڕێژییەکانی خۆی‌دا، ناوچەی سیدەکانی تۆپباران کردەوە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە، ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، بۆ جارێکی دیکە بنکە و پایەگا نیزامییەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران، ناوچە سنوورییەکانی سیدەکانی لە هەرێمی کوردستان تۆپباران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ناوچەکانی بەربزین و سەقەری لە دەڤەری سیدەکان، بە گوللەی فسفۆڕیی کاتیووشا و تۆپ بە خەستی تۆپباران کردووە، کە لە دەرئەنجامی بەکارهێنانی ئەو گوللە تۆپە فسفۆڕییانەدا، زەوی و زاری ئەو دەڤەرە، ئاگری تێ بەربووە.


هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تۆپبارانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا بەردەوامە و وێڕای ئەو زیانانەی لە زەوی و زاری خەڵکی ئەو ناوچەیە کەوتووە، هیچ خەسارێکی گیانیی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەدواوە نەبووە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆستەم جەهانگیری، یەکێک لە بەرپرسانی شوورای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە؛ ڕێژیمی ئێران لە تۆپی جۆری فسفۆڕی کەڵکی وەرگرتووە.

هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە بەربزین ڕایگەیاندووە کە؛ تۆپخانەکانی ڕێژیمی ئێران کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ، دیسانەوە دەستیان بە تۆپبارانی ناوچەکە کردووەتەوە و هەروەها فڕۆکەیەکی ڕێژیمی ئێرانیش بە سەر ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەختیار قادر پەیامنێری تیمیی ڕوودار کە بەمەبەستی ڕووماڵ کردنی تۆپبارانەکە وێڕای تیمی ڕووداو لەو شوێنە ئامادە بوو، بەسووکی بریندار بوو.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، له كاتی ڕووماڵی تۆپبارانەكانی ئێران بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست، لە ناوچەی سیدەكان، چەند تۆپێک لە نزیک تیمی کاناڵی ڕاگەیاندنی كوردستان ٢٤ بەر زەوی كەوتووە و تیمەکەیان بەگوێرەی زانیارییەكان، بە سەلامەتی دەرباز بوون.

شایانی باسە کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، جارێکی دیکەش ئەو ناوچانە تۆپباران کرا و ڕێژیم هەر ئەو کاتەش هەڕەشەی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی کرد.