۱۳۹۵/۰۵/۲۳


ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی هەژارییەوە زیادیان کردووە


ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی هەژارییەوە زیادیان کردووە

کوردستان میدیا: بەهۆی هەژاریی لەڕادەبەدەر و برسییەتیی زاڵ کراو بەسەر خەڵکی ئێراندا، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر پەرە دەستێنن.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد؛ ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ، ٣ کەس لە شاری سەرپێڵی زەهاو، هێرش دەبەنە سەر دوکانێکی زێڕینگەری و پاش تاڵان کردنی زێڕینگەرییەکە، بە چەکی گەرم کەسێک دەکوژن کە بەتەما بووە پێش بە دزییەکەیان بگرێت و دواتر، ڕادەکەن.


بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، لانیکەم ١٥ میلیۆن کەس لە ئێراندا بەهۆی هەژاریی و بێ‌دەرەتانیی ماڵییەوە، لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین، کە وەک کۆمەڵناسان و پسپۆڕانی بواری دەروون ناسی دەڵێن، ئەم شوێنانە باشترین بەستێنی سەرهەڵدانی لادان و کێشە و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە.

هەر لەمبارەوە عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ بە هەواڵدەریی تەسنیمی وتووە؛ ١٨ میلیۆن کەس لە ئێراندا لەگەڵ پرسی "خەسارە کۆمەڵایەتییەکان" دەستەویەخەن.

ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامیش، لە دواڕاپۆرتی خۆیدا لەمەڕ ڕێژەی هەژاری لە ئێران، بڵاوی کردەوە؛ لانیکەم ٣٠%ی حەشیمەتی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین؛ ئامارێک کە وەک حسەین ڕاغفەر ئابووریناس و لێکۆڵەر دەڵێ، دوورە لە ڕاستییەوە و ڕێژەی هەژاری لە ئێران، گەلێک لەوە زیاترە و بگرە نیزیک لە ٥٠%ە.

هاوکات هەروەک بەشی کۆمەڵایەتیی هێزی دادوەری ئاشکرای کردووە، "توندوتیژی" دووهەمین پلەی لە نێو تاوانەکان لە ئێراندا هەیە، کە وەک دوکتور عەباس ئێلاه‌یاری سەرۆکی ڕێکخراوی دەروون ناسیی ئێران دەڵێ: "بەشی هەرەزۆری توندوتیژییەکانی خەڵکی ئێران، لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان دێتە ئاراوە کە بریتییە لە ٩٠%."