۱۳۹۵/۰۵/۲۰


ئیزنی بەشداری لە کۆڕی جیهانیی کۆمەڵایەتی بە ئێران نەدرا


ئیزنی بەشداری لە کۆڕی جیهانیی کۆمەڵایەتی بە ئێران نەدرا

کوردستان میدیا: دەوڵەتی کانادا ئیزنی بەشداری بە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە کۆڕی جیهانیی کۆمەڵایەتی نەداوە کە بەشێکیان ئێرانین.
لێپرسراوانی کانادایی داواکاریی ویزای زیاتر لە ٢٠٠ کەسی هەڵوەشاندەوە کە لە وڵاتانێکی وەک ئێران، مەراکێش، نیجێریە، نێپال و هائیتییەوە بەتەمای بەشداری لە دانیشتنی کۆڕی جیهانیی کۆمەڵایەتی بوون.


سەفا شەببی وتەبێژی کۆری جیهانیی کۆمەڵایەتی، بە هەواڵدەریی فەڕانسەی ڕاگەیاندووە، گریمانە دەکرێت کە ئەم ڕێژەیە لە هەڵوەشاندنەوەکان بۆ بەشداری لەم دانیشتنە کە ڕێکەوتی ١٦ی مانگی ئوت لە مۆنتڕاڵی کانادا بەڕێوەدەچێت، زیاتریش ببێت.

تا ئێستا لێپرسراوانی کانادایی بەفەرمی هۆکارەکانی ئەم ڕەت کردنەوانەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام هەندێک چاودێر پێیان وایە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم پرسە، ڕەچاوکردنی یاساکانی کانادا بۆ پێشگرتن لە ئەگەری کردەوەی تێرۆریستی و شێواندنی ئارامیی ئەم وڵاتە بێت.

مەبەستی سەرەکیی بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە دانیشتنانە، وەک ڕێکخەرانی دەڵێن، بریتییە لە، ڕەخنەگرتن لە ڕێکخراوی جیهانیی بازرگانی، کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، سندووقی نێونەتەوەیی دراو و بانکی جیهانی.