۱۳۹۵/۰۵/۳۰


لە سەدا ٣٠ی خەڵکی ئێران بۆ نانی شەویان موحتاجن


لە سەدا ٣٠ی خەڵکی ئێران بۆ نانی شەویان موحتاجن

کوردستان میدیا: جێگری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، لە سەدا ٣٠ی خەڵکی ئێران برسین و تەنانەت نانی شەویان نیە، و ئەو ئامارەش لە لایەن وەزارەتی کاری ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ٦٤ـەمین دانیشتنی ستادی میللیی ساماندانی کاروباری لاوان لە ئێراندا، باس لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کرا و لەو پێوەندییەدا نوێنەری وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی باسی لەوە کرد کە؛ لە سەدا ٢٥ی حەشیمەتی ئێران پەراوێزنشین، و لە سەدا ٣٠ی دیکەی حەشیمەتی ئێران، لاوان پێکی دێنن، کە بۆ دۆزینەوەی کار هاتوونەتە شارەکان.


لەو دانیشتنەدا نوێنەری وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی ڕێژیمی ئێران گوتی کە؛ گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، دزی، بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان، لەش‌فرۆشی، بێبەش بوون لە مەرجەکانی تەندروستی و دەرمان و نەخوشییە عفوونییەکان، گرینگترین کێشەی حەشیمەتی پەرواێزنشینی ئێرانە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، حەشیمەتی پەراوێزنشینی ئێران ١١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە، کە بەپێی ئەو ئامارە، لە سەدا ٥٦ی ئەو حەشیمەتەش کرێ نشینن و لە سەدا ٣٠ی ئەو کرێ نشینانەش، لاوان پێکی‌دێنن.

حەسەن قازی‌زادە هاشمی، جێگری وەزیری بێهداشتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باسی لەو کردووە کە؛ پارێزگاکانی گوڵستان، ئەلبۆرز و تاران زیاترین ئاماری لەش‌فرۆشییان هەیە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو وەزیرەی ڕێژیم، ئاماری ڕاستەقینەی ئەو ئاریشە کۆمەڵایەتییەی نەدرکاندووە.

هەروەها ئەو وەزیرەی ڕێژیم، نیسبەت بە پەرەگرتنی پێوندیی جینسی لە نێوان قوتابییان‌دا هۆشداری دا، کە ئەوەش دژکردەوەی توندی نوێنەری وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی بەدواوە بوو.

بە باوەڕی کارناسان، گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.

ژمارەیەک کارناسی دیکەش دەڵێن: هۆکاری پەرەسەندنی هەژاری لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ یارمەتییە ماڵییەکانی ئێران بە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حوسییەکان و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق.