۱۳۹۵/۰۵/۲۳


لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر فایلە دەنگییەکەی مۆنتەزێری هاتنە دەنگ


لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر فایلە دەنگییەکەی مۆنتەزێری هاتنە دەنگ

کوردستان میدیا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ماڵپەڕی فەرمیی ئایەتوڵڵا حسەینعەلی مۆنتەزێری، فایلێکی دەنگیی ناوبراوی بڵاو کردەوە، کە تێیدا ڕوو لە هەیئەتی مەرگ دەڵێ؛ ئێوە جینایەتکارن. ئەم فایلە دژکردەوەی بەرپرسانی حکوومەتی و ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیمی لێ کەوتەوە.
بەپێی ناوەرۆکی ئەم فایلە دەنگییە، مۆنتەزێری ڕوو لە کۆمیسیۆنی مەرگ یان هەیئەتی مرگ وتوویەتی؛ ئێوە جینایەتکارن؛ من دڵم بۆ ئەو شۆڕشە دەسووتێ کە ئێوە خەریکن بەلاڕێیدا دەبەن؛ لەمبارەوە مۆحەممەد عەلی ئەنساری، ئەندامی نووسینگەی خامنەیی دژکردەوەی پیشان دا و ڕایگەیاند: "قسەکانی مۆنتەزێری بەلاڕێدا براون و دوورن لە ڕاستییەوە".


هەواڵدەریی دۆیچە وێلە ئاشکرای کردووە، ١ ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی ئەم فایلەی مۆنتەزێری، کوڕی ناوبراو واتە ئەحمەد مۆنتەزێری، لە ماڵپەڕی مۆنتەزێری‌دا دەقێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: "کاتژمێر ١٤:٤٤ خولەکی ئەمڕۆ، ٢٠/٥/٩٥، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی قۆمەوە پێوەندییان پێوە کردم و پێیان ڕاگەیاندووم کە دەبێ فایلە دەنگییەکەی باوکت بسڕیتەوە."

پاش ئەم هەڕەشە، فایلە دەنگییەکەی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری لە سەر ماڵپەڕی ئاماژە بۆکراودا نەماوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم لەمبارەوە نووسی: ئەم چەشنە هەوڵانە بۆ ئەوەیە کە پێگەی ئیمام کەم و سووک بکەنەوە؛ هەواڵدەریی میزانیش سەر بە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، نووسیویەتی: "خومەینی هەر لە سەرەتاوە دژی دانانی مۆنتەزێری وەک جێگری خۆی بوو".

ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدا هاتوونەتە ئاراوە کە هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فایلەکەی مۆنتەزێری، عەلی ڕازینی کە پێشتر لە دەزگای قەزایی ڕێژیمدا و لە سەردەمی جینایەتەکانی هاوینی ساڵی ٦٧دا، بەرپرسایەتی هەبووە و ئێستاش ئەندامی مەجلیسی خیبرەگانە، وتوویەتی: "ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بە بڕیاری خومەینی ئەنجام دراون".

لە هاوینی ساڵی ٦٧دا، بەبڕیاری خومەینی، هەیئەتێک بۆ موحاکمەی زیندانیانی سیاسی دامەزرا کە دواتر ناوی هەیئەتی مەرگی لێ نرا و لە ماوەیەکی زەمەنیی کورتدا، زیاتر لە ٥٠٠٠ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتییان بە تۆمەتی جیابیری، دژەشۆڕش بوون و دژی ئیسلام بوون ئێعدام کرد کە لە نێو خەڵکدا بە هاوینی ڕەش ناوبانگی دەرکرد.