۱۳۹۵/۰۶/۰۱


ئاگرکەوتنەوە لە دارستانە و لەوڕەگەکانی شاری مەریوان بەردەوامە


ئاگرکەوتنەوە لە دارستانە و لەوڕەگەکانی شاری مەریوان بەردەوامە


کوردستان میدیا: ماوەی ٤ چوار ڕۆژە ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی شاری مەریوان بەردەوامە و هەتاکوو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە نەداوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە کانی سپای پاسداران ئاگریان لە پوش و پاوان و لەوڕەگە و دارستانەکانی گوندی "دەرەوران"ی شاری مەریوان بەرداوە بەشێکی زۆر لە لەوەڕگە ودارستانەکانی ئەو گوندی خەساری زۆری بەرکەوتووە.


ئاگرکەوتنەوەکە ماوەی ٤ ڕۆژە بەردەوامە و ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی گوندی دەروران و گوندەکانی دەرووبەری ئەو گوندە هێشتا لە بلێسەی ئاگردا دەسووتێن.

هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێگریان لە خەڵک کردووە، بۆ کونتڕۆڵ و کوژراندنەوەی ئەو ئاگرە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: زیاتر لە ٢ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.

هەرلەو پەیوەندییەدا، دوێنی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ، دارستانەکانی کێوی فەیلەقوس ئاگریان تێبەردار و هەتا ئێستا ئاگرەکە بەردەوامە.

ئەرکی کونتڕۆل و کوژاندنەوەیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوڕەگەکانی کوردستان لە ئەستۆی ناوەندەکانی حکوومەتی وەک جەنگەڵبانیە، بەڵام زۆرتر خەڵک و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکان بە ئەستۆ دەگرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی سپای تێروریستی کۆماری ئێسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە ئاگریان لە دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی دەرەوران و گوندەکانی دەرووبەری ئەو گوندە بەرداوە.