سێناتۆرە كۆماریخوازەكان داوای ڕوونكردنەوە لە سەر باجدانی ئۆباما بە ئێران دەكەن

كوردستان میدیا: سێ سێناتۆری كۆماریخواز لە نامەیەكدا بۆ جان كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای ڕوونكردنەوەی وردەكارییەكانی چۆنیەتیی دانی ٤٠٠ میلیۆن دۆلار بە ڕێژیمی ئێران دەكەن.
لەو نامەیەدا مارك كێرك، دەیڤید پێردۆ و جانی ئیسكاسۆن، داوایان كردووە هێندێك وردەكاری لەسەر چۆنەتیی پێدانی ئەو پارەیە، پێوەندیی لەگەڵ ئازادكردنی بارمتە ئەمریكاییەكان لە ئێران و ئەگەری ئەوەی كە ئەو پارەیە بۆ پشتیوانی لە تیرۆریزم تەرخان بكرێت، ڕوون بكرێتەوە.
لەو نامەیەدا مارك كێرك، دەیڤید پێردۆ و جانی ئیسكاسۆن، داوایان كردووە هێندێك وردەكاری لەسەر چۆنەتیی پێدانی ئەو پارەیە، پێوەندیی لەگەڵ ئازادكردنی بارمتە ئەمریكاییەكان لە ئێران و ئەگەری ئەوەی كە ئەو پارەیە بۆ پشتیوانی لە تیرۆریزم تەرخان بكرێت، ڕوون بكرێتەوە.
ئەو نامەیە لە درێژەی كاردانەوەكانی نوێنەرانی كۆماریخوازی كۆنگرێس بەرانبەر بە ڕاپۆرتێكی والستریت ژۆرنالدا هاتووە كە دەڵێ ئیدارەی ئۆباما هاوكات لەگەڵ ڕزگاركرانی چەند بارمتەی ئەمریكایی لە ئێراندا ٤٠٠ میلیۆن دۆلار پارەی نەختی بە فڕۆكە ناردۆتە تاران. حكوومەتی ئەمریكا دەڵێ ئەو پارەیە بەشێك بووە لە قەرز و سوودی مامەڵەیەكی چەكوچۆل لە سەردەمی پاشایەتیدا كە پاش هاتنەسەركاری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ڕاگیرابوو.
هێندێك لە كۆماریخوازەكان ئیدارەی ئۆباما بەوە تۆمەتبار دەكەن كە بە دانی ئەو پارەیە باجی بە ئێران داوە و ئەوە بۆ ئەمنیەتی هاوڵاتیانی ئەمریكایی بابەتێكی مەترسیدارە چوونكە لەوانەیە بۆ جاری دیكەش بكرێنە ئامانجی "بارمتەگیری" یان "دەستبەسەركردنی نایاسایی" لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.
ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی "هێل" دەڵێ كۆماریخوازان كە مانگی نۆڤامبری داهاتوو ٢٤ كورسییان لە سێنا دەخرێتەوە دەنگدان، كار لە سەر بابەتی دانی پارەی نەختی بە ڕێژیمی ئێران و هەروەها وتووێژە ئەتۆمییەكان و پرسەكانی پێوەندیدار بەو بابەتە دەكەن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، راِپرسییەكانی دامەزراوەی "ڕیاڵ كلیەر پۆلیتیكس" نیشان دەدەن كە كەمتر لە نیوەی خەڵكی ئەمریكا لە سیاسەتی دەرەوەی پرێزیدنت باراك حسەین ئۆباما ڕازین.