۱۳۹۵/۰۵/۲۷


تاجزادە و كوڕەزای خومەینی ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧ بە ڕەوا دەزانن


تاجزادە و كوڕەزای خومەینی ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧ بە ڕەوا دەزانن

كوردستان میدیا: چەند ڕۆژێك پاش بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی لێدوانەكانی ئایەتوڵڵا مونتەزیری سەبارەت بە ئیعدامە سیاسییەكانی ساڵی ٦٧، عەلی خومەینی كوڕی ئەحمەد خومەینی یەكێك لە تۆمەتبارە سەرەكییەكانی ئیعدامەكانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە وتووێژێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "جومهوریی ئیسلامی" ڕایگەیاند: "ڕووداوی ساڵی ٦٧ بەرهەمی مودیرییەتی ئیمام بووە".
ئەو لە درێژەدا وتی: "نیزام دەیتوانی لەگەڵ ئەوانە چ بكات؟ ئەمڕۆ هێندێك كەس خۆیان كردۆتە دڵسۆز و دەڵێن بۆچی ئەمانە سەركوت دەكەن؟ بۆچی مونافقینتان سەركوت كرد؟ بۆچی بێ حیجابەكانتان سەركوت كرد؟ بۆچی گەمژەكانتان سەركوت كرد؟ نیزام دەبوایە چ بكات؟ دەبوایە شەڕ بە دژیان بكات. زۆریش بە توندی دەبوایە شەڕیان بكات. سپاس بۆ خوا كە هەر واش كرا و وڵات سەقامگیریی بە خۆیەوە بینی".


ئایەتوڵڵا مونتەزیری لە وتەكانی خۆیدا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دادوەری كە بەم دواییانە فایلە دەنگییەكەی بڵاو كرایەوە گوتبووی: "خودی ئەحمەدئاغا كوڕی ئاغای خومەینیش لە سێ چوار ساڵ پێشترەوە دەیگوت ئەمانە بە ڕۆژنامەخوێن و گۆڤارخوێن و بەیاننامەخوێنیانەوە دەبێ ئیعدام بكرێن".

هەروەها مستەفا تاجزادە، یەكێك لە چالاكانی سیاسیی ئیسڵاحخواز و جێگری سیاسیی وەزارتی نێوخۆ لە كابینەی یەكەمی موحەممەدی خاتەمی لە نووسینێكدا كە ڕۆژی شەممە ١٣ی ئاگۆست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوی كردەوە، نووسیویە: "بە نۆرەی خۆم لە بنەماڵەی ئیعدامكراوانی ئەو كارەساتە بە تایبەتی كەسوكاری ئەو قوربانییانەی كە ئەندامی موجاهیدینی خەلق نەبوون، داوای لێبووردن دەكەم".

ئەوە لە حاڵێكدایە كە زۆربەی ئیعدامكراوانی ساڵی ٦٧ بەپێی ئامارەكان، لە ئەندامانی موجاهیدینی خەلق بوونە و دیار نیە كە تاجزادە بەو شێوە داوای لێبووردنەی دەیهەوێ چی بسەلمێنێت؟

هاوكات، ئەحمەد مونتەزیری، كوڕی ئایەتوڵڵا مونتەزیری كە بەم دواییانە لە پێوەندی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی فایلێكی دەنگیی باوكی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ كۆمیتەی ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧ بانگ كراوەتە دادسەرای تایبەتی ڕۆحانیەت، جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە هێشتا بەڵگەنامەی بڵاونەكراوەی زۆری لە ئایەتوڵڵا مونتەزیری لە بەردەستدایە.

سەرەڕای ئەوەش مونەتەزیری ڕایگەیاندووە ئەو بەڵگەنامانە تەنیا لە شوێنێكدا نین و ئەگەر مەئموورانی ئەمنیەتیی ڕێژیم بیانهەوێ بیاندۆزنەوە، دەبێ نەك هەر لە ئێران، بەڵكوو لە هەموو جیهاندا بۆیان بگەڕێن".

ئەحمەد مونتەزیری لە لایەن دادسەرای تایبەتی ڕۆحانیەتی شاری قومەوە بەوە تۆمەتبار كراوە كە بە بڵاوكردنەوەی ئەو فایلە دەنگییە لەگەڵ ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق لە سەردەمی یەكگرتنیان لە عەرەبستانی سعوودیدا هاوكاریی كردووە.