۱۳۹۵/۰۵/۲۸


سپای تێرۆریستی پاسداران دوو دیپلۆماتی وڵاتانی بیانیی دەستبەسەر کرد


سپای تێرۆریستی پاسداران دوو دیپلۆماتی وڵاتانی بیانیی دەستبەسەر کرد

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ئەمنییەتی_ئیتلاعاتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، باسی لە دەستبەسەر کردنی دوو دیپلۆماتی فەڕانسە و بریتانیا،لە شاری سەقز کرد.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری سەقز لە نزیک گوندی "ئێرانشا"، ماشینی دوو دیپلۆماتی فەڕانسەوی و بریتانیایی، کە ژنێک و پیاوێک بوونیان ڕاگرتووە و دەستبەسەریان کردوون. 


هەواڵدەریی تەسنیم نزیک لە ڕێکخراوی سپای پاسدرانی ڕێژیمی ئێران، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: پاش پشکنینە سەرەتاییەکان و ڕاگرتنی ماشینەکە، دەرکەوت کە ئەو دوو دیپلۆماتە بەبێ بەڵگەی فەرمی و هەماهەنگی‌کردن، بە شێوەی نایاسایی لە هێندێک لە ناوچەکانی کوردستان وێنەیان هەڵگرتۆتەوە.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییەتیەی ڕێژیمی ئێران، ئەو دوو دیپلۆماتە بیانییە ماشێنێکی لە جۆری "پاجیرۆ"یان پێ بووە، کە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێریدا بوونە و دوای ئەوەیکە فیلیمیان لە شوێنە نیزامییەکان هەڵگرتووەتەوە، و لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە دەستووری ڕاوەستانیان پێ دراوە، لە شوێنەکە ڕایانکردووە و دواتر دەستبەسەر کراون.

بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمنیەتی_ ئیتلاعاتییەی سپای پاسدارن، لە سەر ڕێگای ئەو دوو دیپلۆماتە، سێ خاڵی پشکنین هەبووە، کە بەبێ وەستان بەزاندوویانە، و دواجار لە نزیک گوندی ئێرانشای سەر بە شاری سەقز، هیزەکانی سپا توانیویانە ماشینی ئەو دوو دیپلوماتە ڕاگرن.

هەواڵدەریی تەسنیم شوناسی ئەو دوو دیپلۆماتەی بە ناوەکانی "شارلۆت لۆپێز وارونە والێر" و "سێباستییەن سووێرن"، ڕاگەیاندووە و ئەو دوو دیپلۆماتە ڕاوێژکاری سیاسیی فەڕانسە و بەڕێوەبەری دووهەمی باڵوێزخانەی بریتانیان.

عەلیڕەزا ئاشناگر، ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە درێژەدا دەڵێت: پاش لێکۆڵینەوە لە پرسگەکانی پارێزگا و لە شاری تاران ڕوون بووەوە، کە ئەو ماشینە و ئەو دوو کەسە، تەنیا موڵەتی ئەوەیان هەبووە لە هوتێڵەکانی "ئازەربایجان" و "شادی"ی شاری سنە بنمێننەوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، وێنەگرتن لە شوێنە نیزامییەکانی، ئەرتەش و سپا و ڕووبارە سنوورییەکان نایاساییە، کە پاش ڕاگرتنی ماشینەکەیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، کامێراکەشیان دەستی بەسەر داگیراوە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییەتی_ئیتلاعاتییەی سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێران، کوردستانی بە هێڵی سوور ناوزەد کرد و ڕایگەیاند؛ سەربازانی تێرۆرسیتی گومناوی ئیتلاعاتی سەرکوتکەری سپای کوردستان، لە پێناو دابین‌کردنی ئەمنییەتی پارێزگا هەوڵ دەدەن و لەگەڵ هەر ئەگەرێکی ئەمنییەتی بە جیددی هەڵسوکەوت دەکن.

دەستبەسەرکردنی ئەو دوو دیپلۆماتە لە کاتێکدا بووە کە بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوی ڕێژیمی ئێران، پێشتر لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە ئیزن بەو دوو دێپلوماتە درابوو.

شایانی وتنە کە ماوەیەکە ڕێژیم بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات وڵاتی ئێران لەژێر هەڕەشە و مەترسیی تێرۆریزم و سیخوڕیی بێانی‌دا وێنا بکات و بەم شیوەیە، پەردەپۆشیی شکست و کاولکاریی و هەرەسهێنانە نێوخۆیی ودەرەکییەکانی خۆی بکات و زەین و بیری خەڵک و جیهان بە لاڕێدا ببات.