۱۳۹۵/۰۵/۱۳


فەڕانسە ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەی داخست


فەڕانسە ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەی داخست

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی وڵاتی فەڕانسە ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لەو مزگەوتانەی کە شوێنی هات‌وچۆ و کۆبوونەوەی تۆندئاژۆ ئیسلامییەکان بوون، داخراون.
ڕادیۆ فەڕانسە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٢٠ مزگەوت و شوێنی نوێژکردن کە شوێنی توندئاژۆ ئیسلامییەکان بووە، داخراون.


بێرنار کازنۆ لە دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی گشتیی شوورای موسڵمانانی فەڕانسە باسی لەوە کرد کە لە مانگی دێسامبری ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، لانیکەم ٢٠ مزگەوت و شوێنی نوێژکردن لە فەڕانسه بە هۆی پێوەندی‌گرتن لەگەڵ توندئاژۆ ئیسلامییەکان داخراون و ژمارەیەک لە وتاربێژان و ئامۆژگاریدەرەکانیش لەو وڵاتە دەرکراون.

لە وڵاتی فەرانسە لانیکەم ٢ هەزار و ٥٠٠ مزگەوت و شوێنی نوێژکردن هەیە، کە نزیک بە ١٢٠ شوێنی بووەتە گۆڕەپانی هات‌‌وچۆ و پڕۆپاگەندای توندئاژۆیانی ئیسلامگەرا.

لە دوای ڕووداوی تەقینەوەکانی فەڕانسە و کوژرانی خەڵکی مەدەنی لەو وڵاتە، هاووڵاتیانی فەڕانسەوی دژ بە ئیسلامگەراکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

كاربەدەستانی گۆڤاری شارلی ئیبدۆی فەڕانسه بە دانانی كاریكاتۆرێکی پێغەمبەری ئیسلام ڕایانگەیاند کە؛ "هیچ ئیمتیازێك بە توندئاژۆیی نادەین".
دوای بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتۆرە، چەندین چەكدار هەڵیانكوتایە سەر گۆڤاری شارلی ئیبدۆ ‌و ١٢ كەس لە کارمەندان و ٤ هونەرمەندی كاریكاتۆریستیان كوشت.

چەكدارەكان پاش هێرشەكەیان هاواریان كرد "تۆڵەی حەزرەتی محەممەد دەكەینەوە".

ئەم گۆڤارە ساڵی ٢٠١١ پاش بڵاوكردنەوەی كاریكاتۆرێكی پێغەمبەری ئیسلام به بۆمب هێرشی كرایەسەر.

هەروەها محمەد لەحویج بوهلال ، تەمەن٣١ ساڵ، ئەنجامدەری هێرشە خوێناوییەكەی شاری (نیس)ـی فەڕاەنسه، بە ماشێن خۆی بەناو ئاپۆرای خەڵكی شاری نیس لە باشووری فەڕەانسه‌دا کرد. ناوبراو لەو هێرشەدا، هاوكات تەقەی لە خەڵكە مەدەنییەكە دەكرد، کە لە ئەنجامدا ٨٤ كەسی كوشت و دەیان كەسی دیكەی بریندار كرد.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، فەڕاەنسه كرایە ئامانجی دوو هێرشی خوێناویی تیرۆریستان و لە مانگی ژانویەی ئەو ساڵدا، چەند توندڕەوێكی سەربە ڕێكخراوی قاعیدە و داعش لە هێرشێكدا بۆسەر گۆڤاری شارلی ئیبدۆ لە پاریس، ١٢ كەسیان كوشت و لە مانگی فێوریەی هەمان ساڵدا لە چەند هێرشێكی پیلان بۆداڕێژراودا بۆسەر شاری پاریس، چەند شانەیەكی داعش ١٣٠ كەسیان كوشت.