۱۳۹۵/۰۴/۱۲


٧٢٪ی حەشیمەتی ئێران بەرەورووی وشکەساڵی دەبنەوە


٧٢٪ی حەشیمەتی ئێران بەرەورووی وشکەساڵی دەبنەوە

کوردستان میدیا: لێپرسراوێکی دەزگای کەشناسی ئێران ڕایگەیاندووە تا چەند ساڵی دیکە ئێران بەرەوڕووی وشکەساڵییەکی مەترسیدار دەبێتەوە.
سەرۆکی ناوەندی وشکەساڵی و بەڕێوەبەریی قەیران لە دەزگای کەشناسی ئێران، "شاهڕۆخ فاتێح" ڕایگەیاندووە لە پێوەری درێژخایەنی ٧ساڵەدا بۆمان دەرکەوتووە کە ٧٣٪ی پانتایی ئێران بەرەوڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە و ٧٢٪ی خەڵکی ئێرانیش ناچار بە دەستەویەخەبوون لەگەڵ وشکەساڵی و بێ ئاوی دەبن.



بەوتەی ناوبراو ٣١٪ی کۆی پانتایی ئێران تووشی وشکەساڵی تووند دەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ٢٩٪ وشکەساڵی نێونجی و ١٣٪یش وشکەساڵی زۆر تووند و مەترسیدار ئەزموون دەکەن.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان، ئێران لەماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا زیاتر لە ١ لەسەر ٣ی سەرچاوە ئاوییەکانی خۆی لە دەس دەدات.

پسپۆڕانی ژینگە چەندین جار لەمبارەوە هۆشدارییان داوە کە کەڵک وەرگرتنی بێ سنوور و ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوینییەکان وگۆڕینی جوغرافیای سروشتی بەهۆی گەڵاڵەکانی دەوڵەت، بۆ وێنە سازکردنی بەنداوەکانی وەک داریان کە کانی بڵی هەورامان بە قوڵی زیاتر لە ١٠٠ میتر دەخاتە ژێر ئاو، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ئارای ئەم دۆخەیە.

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێکار و بەڕێوەبەری پڕۆژە کەڵانە ئابورییەکانی وەک سازکردنی بەنداوەکانە.