۱۳۹۵/۰۴/۱۲


سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی حدکا خامنەیی ناچار کرد کە فەرماندە نزامییەکانی بگۆڕێت


سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی حدکا خامنەیی ناچار کرد کە فەرماندە نزامییەکانی بگۆڕێت

کوردستان میدیا: دوای ئەوە کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرانبەر هێرشی سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران دا وەستانەوە و بە قارەمانەتی و فیداکاری دەرسێکی لەبیرنەکراویان دا بە بەکرێگیراوانی ڕژیم، خامنەیی بڕیاری گۆڕینی فەرماندە نیزامییەکانی خۆی دا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، عەلی خامنەیی دوای ٢٧ سال، حەسەن فیرووزئابادی فەرماندەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی لە پۆستەکەی دوور خستەوە و موحەمەد ‌حوسێن باقری لە جێگەی دانا.



فیرووزابادی کە پزیشکی ئاژەڵانە، لە سالی ١٣٦٨ی هەتاویەوە فەرماندەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمە، بە هۆی زەبروزەنگ و سەرکوت و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، لە لیستەی تەحریمەکانی یەکیەتی ئورووپا دایە.

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حوکمی دانانی موحەمەد حوسێن باقری لە جێگەی فیرووزابادی دا نووسیویەتی کە، چاوەروانیمان لە باقری ئەوەیە لە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی سەر سیستمی کۆماری ئیسلام دا، بە شێوەی "ئینقلابی" هەڵسووکەوت بکات.

ناوەندی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان لە ڕژیمدا، گەورەترین ناوەندی نزامییە و کاری سیاسەتداڕێژی و فەرماندەیی و هەماهەنگی نێوان هەموو هێزە چەکدارەکان دەکات و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ڕێبەری ڕژیم دایە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەردەوام باسی لە هەبوونی ئارامی و سەقامگیری لەسەر سنوورەکانی ئێران دەکرد، پێی وابوو کە بە سەرکوت و بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی دەتوانێ وا نیشان بدات و بانگەشەی ئەوە بکات کە ئێران جەزیرەی ئارامە لە ناوچەیەکی پڕ شەڕ و کێشە، بەڵام پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات تەنیا بە ئامادەبوونیان لە نێو خاکی کوردستان، ئەو جەزیرەیەیان بە شێوەیەک نائارام کردووە کە، زۆربەی ڕاگەیێنەکانی ناوچەیی و جیهانی باس لە هەبوونی شەر لە قووڵایی خاکی کوردستانی رۆژهەلات و لە ژێر دەستی کۆماری ئیسلامیدا دەکەن.