۱۳۹۵/۰۳/۲۵


كاردانەوەی جیاوازی كلینتۆن و ترامپ بەرانبەر بە ڕووداوی تیرۆریستیی ئۆرلاندۆ


كاردانەوەی جیاوازی كلینتۆن و ترامپ بەرانبەر بە ڕووداوی تیرۆریستیی ئۆرلاندۆ

كوردستان میدیا: هیلاری كلینتۆن، دۆناڵد ترامپ، كۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان، كۆمەڵگای موسڵمانانی ئەمریكا، سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان، وتەبێژی واتیكان و هێندێك لە بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، لە چەند كاردانەوەی جیاجیادا دژ بە ڕووداوی تیرۆریستیی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا هەڵوێستیان گرت.
بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، هیلاری كلینتۆن، بەربژێری چاوەڕوانكراوی دێموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەركۆماریی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕوو لە كۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: "منیش یەكێك لە ئێوەم. ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان بۆ دابینكردنی مافی ئێوە بە بێ ترس و تۆقان و ژیانێكی ئازاد و كراوە دەدەین".


دۆناڵد ترامپ، بەربژێری چاوەڕوانكراوی كۆماریخوازەكانیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەركۆماری كە پێشتر داوای كردبوو پێش بە هاتنی موسڵمانان بۆ نێو خاكی ئەمریكا بگیرێت، وێڕای داواكردنی "بەرپەرچدانەوەیەكی بەهێز و زیرەكانە و وشیاری" لە بەرانبەر ئەو جۆرە ڕووداوانەدا، ڕایگەیاند ئەگەر ئۆباما دەستەواژەی "تیرۆریزمی ئیسلامیی ڕادیكاڵ" بە كار نەهێنێت، دەبێ "دەستبەجێ بە ڕیسواییەوە لە پۆستەكەی خۆی بكشێتەوە".

باراك ئۆباما، سەركۆماری ئەمریكا پێشتر لە لێدوانێكدا ئەو ڕووداوەی وەكوو "كردەوەیەكی تیرۆریستی" ناساندبوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكشەممە، ١٢ی ژووئەن لە هێرشێكی تیرۆریستیدا بۆ سەر كلووپێكی شەوانە لە شاری ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا ٥٠ كەس كوژران و ٥٣ كەسیش بریندار بوون. ئەو ڕووداوە پاش ئەوە بوو كە ڕۆژی هەینیی ڕابردووش ژنە گۆرانیبێژێك بە ناوی "كریستینا گریمی" هەر لەو شارەدا كەوتە بەر گوللەی چەكدارێكی ٢٧ سالە و گیانی لە دەست دا.

هەروەها چەند كاتژمێر پاش ڕووداوی ئۆرلاندۆ، پۆلیسی كالیفۆرنیا هەواڵی دەستبەسەركردنی چەكدارێكی ڕاگەیاند كە گوایە ویستوویە هێرش بكاتە سەر ڕێپێوانێكی هاوڕەگەزخوازان.

بە گوێری هەوال، ئەو چەكدارە كە لە "سانتا مۆنیكا" دەستبەسەر كراوە، لاوێكی تەمەن بیست ساڵەیە و سەرەڕای چەند جۆر چەك، هەڵگری مادەی كیمیاییش بووە.