۱۳۹۵/۰۳/۱۷


بوونی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شەڕی فەللوجە بەرچاوە


بوونی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شەڕی فەللوجە بەرچاوە

کوردستان میدیا: ماڵپەرە هەواڵدەرییەکانی ئێران وێنەی هەندێ لە فەرماندەرانی ڕێژیم وەکوو "محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان بڵاو کردۆتەوە کە لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای تێرۆریستی قۆدسی پاسداران لە ناوچەکانی دەوروبەری فەللوجە ئامادەن.
"جیم موویێر"، پەیامنێری بی بی سی، کە هەواڵەکانی ئەو شەڕە لەدژی گرووپی تێرۆریستی داعش ڕووماڵ دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە؛ هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ڕێبەرایەتیی قاسم سلێمانی، لە ڕێی بیسیمەوە بە زمانی فارسی پێکەوە دەدوێن و لە بیسیمی ژووری چالاکیی هاوبەشیشەوە، تێکەڵەیەک لە گوتوبێژی فارسی و عەرەبی بەرگوێ دەکەوێت.


موویێر هەروەها باس لە دانانی وێنەکانی خومەینی لە ژووری چالاکیی نیزامیی فەللوجە و نووسینی دروشمی" ئێران سپاست دەکەین" و "قاسم سلێمانی سپاست دەکەین"، لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیم لەسەر دارودیواری شاری فەللوجە دەکات.

چاوەدێران و ڕامیاران نیگەرانی ئەوەن کە وەکوو جارەکانی پێشوو، ئەم شەڕە کە فەرماندەرانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم چاوەدێریی دەکەن، لە باتیی ئازاد کردنی شاری فەللوجە لە دەستی داعش، ببێتە گۆڕەپانی تۆڵە سەندنەوە لە خەڵکی سوننە مەزهەبی شاری فەللوجە.

پێشتر نوێنەرانی پارێزگای ئەلئەنبار لە پارلمانی عەراق، ناڕەزایی خۆیان لەمەڕ ئامادەبوونی قاسم سلێمانی و دیکەی فەرماندەرانی نیزامیی ئێران لەم شەڕانەدا ڕاگەیاند و بە نیشانەی ڕەهەندی فیرقەیی ئام شەڕانە لەقەڵەمیان دابوو.