۱۳۹۵/۰۳/۲۰


داعش ١٩ ژنی ئێزدی بە زیندوویی لە ئاگردا سووتاند


داعش ١٩ ژنی ئێزدی بە زیندوویی لە ئاگردا سووتاند

کوردستان میدیا: هەندێ لە ڕاگەیەندراوە خۆجێییەکانی کورد لە عێراقدا، بڵاویان کردووەتەوە کە گرووپی تیرۆریستی داعش، ١٩ ژنی ئێزدیان لە موسڵ بە هۆی مل‌نەدان بە کۆیلایەتی سێکسی بە زیندوویی لە ئاگردا سووتاندووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان لە ئاژانسی هەواڵی کورد (ARA)، ئەو ژنانە لە قەفەسێکی ئاسندا ڕاگیراون و سووتێنراون، بەڵام لەو هەواڵەدا باس لە کاتی ئەم کارەساتە نەکراوە.
یەکێ لە شایەتحاڵەکان لەو ناوچەیە، بە ئاژانسی(ARA)ی ڕاگەیاندووە کە: "١٩ ژن و کچ لە حاڵێکدا سووتينراون کە بە سەدان کەس تەماشای ئەو کارەساتەیان دەکرد، بەڵام هیچ کەسێ کارێکی بۆ ئەو ئافرەتە بەدیل گیراوانە لە دەست نەدەهات".

جێی باسە، پێش لەم ڕووداوەش ڕاپۆرتێکی زۆر سەبارەت بە کۆیلایەتی سێکسیی ژنان و کچانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە.

ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و گرووپەکانی مافی مرۆڤ، زۆربەی جار سەبارەت بەم کارەساتانە و ئەم تاوانانەی داعش باسیان کردووە و ئەم گرووپەیان بە تۆمەتی دەستدرێژی کردن بۆسەر ژنان و کچان لە باکووری عێراقدا، بە تاوانبار ناساندووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە کوردستانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە کە هێشتا یەک‌هەزار و هەشت‌سەد ژن و کچی ئێزدی لە دەستی داعشدا بە دیلی ماونەتەوە.

جێی باسە، لە دێسامبری ساڵی ڕابردوودا، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک هەواڵی لە فتوای ١٥ بەندیی ئەم گرووپە تووندڕەوە ئیسڵامیە داوە. لەم ١٥ بەندەدا لە چۆنیەتی سێکس لەگەڵ کچان و ژنانی بە دیلگیراو باس کراوە.

داعش کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا توانیبووی بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق داگیر بکات، لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ئەرتشی عێراق بە پاڵپشتی هێزە نێونەتەوەییەکان لەگەڵ شکستێکی زۆر ڕووبەڕوو بوونەتەوە. بەڵام موسڵ و فەللوجە دوو شاری گرینگی ئەم وڵاتە، هێشتا لە کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی داعشدا ماونەتەوە.

ئەرتشی عێراق لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، چاڵاکیی نیزامیی بۆ وەرگرتنەوەی فەللوجە دەست پێ‌کردووە، بەڵام بە هۆی بوونی خەڵکی ئاسایی و سڤیل لەو ناوچەیە، چاڵاکییە نیزامییەکە بە ئەسپایی دەچێتە پێشەوە.