۱۳۹۵/۰۳/۲۴


١٧ پەروەندەی گەندەڵی لە مەجلیسی ڕێژیم‌دا بزر بووە


١٧ پەروەندەی گەندەڵی لە مەجلیسی ڕێژیم‌دا بزر بووە

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە ١٧ پەروەندەی گەندەڵی ئابووری لە نێو مەجلیس‌دا کە لە دەستی تاوتۆێکردندا بوونە، بزر بوونە.
بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "حەسەن نەورۆزی" نوێنەری "ڕۆبات کەریم" لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێراندا، حەوتووی ڕابردوو سەبارەت بە بزر بوونی ١٧ پەروەندەی گەندەڵی ئابووری لە مەجلیسدا قسەی کردووە.


ناوبراو بە ڕۆژنامەکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە: "پەروەندە گەندەلییەکان کە لە مەجلیسی ٨دا بزر بوونە لە مەجلیسی ١٠دا وەدوای دەکەوین، چوونکە خەبات لەگەڵ گەندەڵی یەکێ لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئابووری خۆڕاگرییە".

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم هەروەها حەوتووی ڕابردوو لە مەجلیسدا ڕایگەیاندووە کە، "ئێمە بەردەوام لە گەشەی ئابووری باس دەکەین، بەڵام پڕۆگرامێک کە لەگەڵ گەندەڵی ئابووری لە ئیراندا خەبات بکات نیمانە، وەک نموونە ١٧ پەروەندەی گەندەڵی ئابووری لە مەجلیسی ٨دا هەبووە کە ئێستا بزر بووە ،تەنانەت داواخوازیم کردووە دوو نموونە لەم پەروەندانە بدرێتە دەستم تاکوو لێکۆلینەوەی لەسەر بکەم."

ئەم نوێنەرەی ڕێژیم لە دڕێژەدا گوتوویەتی: "یەک پەروەندەی زۆر گرینگ هەبووە کە سەبارەت بە فرۆشتنی زەوی لە دورگەی کیش بووە کە ئەم زەوینانە نرخی میتری ٤-٥ میلیۆن تمەن بەهای هەبووە بەڵام بە نرخی متری ٤٠ هەزار تمەن فرۆشراوە و نموونەیەکی دیکەش بە ناوکردنی شرکەتێکە لە هەمان شوێن(دوڕگەی کیش) کە بە دووای لێکۆڵینەوەکان ڕوون بووتەوە کە لەم نێوانەدا سەرچاوەیەکی زۆر لە "بیت المال" بزر بووە و نموونەکانی دیکەش سەبارەت بە بانکی گەشتیاری و پەروەندەی سێ هەزار میلیاردی و سەرپێچی و خەتاکانی ‌‌‌تەئمین ئێجتماعی و بازاری دراو و سێناریۆی بابەکی زەنجانی و هتد لە ساڵەکانی سەرۆکایەتی ئەحمەدی‌نژاد لە سەر هێزی بەڕێوەبەری لە ئێراندا بووە.

ئەم گەندەڵییانە لە کاتێکدا سەری هەڵداوە کە لە ڕێژیمی ئیسڵامیی ئێران لە سالەکانی دەسەڵاتداری و زۆرداری خۆی بەردەوام باسی لە عەداڵەتی عەلەوی و دادوەری و هتد کردووە، بەڵام لە سەرووی دەسەڵاتدارییەوە هیچ کەسێک بەرپرسایەتی ئەم گەندەڵیانە و ئەم پارانە کە دەتوانێت گۆشەیەک لە ژیانی خەڵکی ئیران بەرە و خۆشی ببات و ئابووری ئەم وڵاتە بەرە و گەشە بوون ببات بە ئەستۆ ناگرێت.