۱۳۹۵/۰۳/۲۴


مێهدی تائێب: ڕوحانی و فائێزە هاشمی نوێنەری ئیسلامی ئامریکایین


مێهدی تائێب: ڕوحانی و فائێزە هاشمی نوێنەری ئیسلامی ئامریکایین

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەڕە زێڕینگەرییەکانی نێو باندەکانی دەسەڵاتی تاران، سەرۆکی قەرارگای "عەمار" پەلاماری حەسەن ڕوحانی و فائێزە هاشمی دا.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بە پشت بەستن بە هەواڵدەریی "بسیج" ئاشکرای کرد؛ مێهدی تائێب سەرۆکی قەرارگەی "عەمار" وتوویەتی: ئامریکا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسانێکی وەک حەسەن ڕوحانی و فائێزە هاشمیدا نییە کە بانگەشەکەری ئیسلامی ئامریکایین.


ناوبراو ڕوو لە فائێزە هاشمی دەڵێ: هەنگاوە نۆڕم شکێنەکانی فائێزە و شادی سەدر ڕەوتی بەهائیەتە.

ئەم هەڵوێستەی تائێب دوابەدوای چاوپێکەوتنی فائێزە هاشمی لەگەڵ فەریبا کەماڵ ئابادی یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵەی بەهائیانی ئێران و هەروەها قسەکانی حەسەن ڕوحانی سەبارەت بە وتووێژەکانی ئیمام حوسەین لەگەڵ "کوڕی سەعد" فەرماندەی سپای کوفە هاتۆتە ئاراوە.

سەرۆکی ئەم قەرارگەی سپای پاسداران هەروەها دەڵێ: ڕەوتی بەهائیەت بەتەمای گەڕاندنەوەی ئیسلامی ئامریکایین کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دوژمندا نییە و کەسانێکی وەک شادی سەدر و فائێزە هاشمی سیمبۆل و دنەدراوی دەستی ئامریکان، پارە لەوان وەردەگرن و ژیانیان بە پارەی ئامریکا هەڵدەسوڕێت؛ ئەوان هێمای ڕاستەقینەی هێرش بۆ سەر ئیسلامی شۆڕشگێڕن.

قەرارگەی عەمار کە مێهدی تائێب سەرۆکایەتییەکەی لە ئەستۆیە پاش بەناو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئێران بەمەبەستی بەربەرەکانێ کردنی شەڕی نەرم دامەزرا و ئەندامەکانی بریتین لە ئەندامانی ئەنساری حیزبوڵا کە ساڵانێکە لەدژی ئازادیخوازانی ئێران چالاکی دەکەن.