۱۳۹۵/۰۳/۰۱


٨٠ هەزار چەکداری تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا بوونیان هەیە


٨٠ هەزار چەکداری تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا بوونیان هەیە

کوردستان میدیا: ئەسعەد ئەلزەعبی، سەرۆکی هەیئەتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریه ڕایگەیاندووە کە ٨٠ هەزار چەکداری ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا بوونیان هەیە.
بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەلزەعبی لە وتووێژەکانی ئاشتیی سووریەدا گوتوویەتی کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام خۆ دەگەیێننە سووریه و ١١ هەزار چەکداری دیکەی ئێرانی لە ڕێگای فڕۆکەکانی هات‌وچۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەمیشق و حەماە ڕاگوێزراون.


ئەسعەد ئەلزەعبی لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: ژمارەی چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسە کە بەشێکیان سپای پاسداران و ئەرتەش و گۆپاڵ بەدەستەکانی دیکەی ئەو ڕێژیمەن.

شەڕ و پێکدادان لە وڵاتی سووریه، لە نێوان هێزەکانی ئەسەد و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە بە پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیە و هەروەها هێرشی میلیشا شیعەکانی ئێرانی و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و عێراق، چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لەو وڵاتە شەڕ دەکەن و تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا کوژراون و خامنەیی نیسبەت بە کوژرانی ئەندامانی سپا هاتۆتە دەنگ.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێژیمی ئەسەد، بە هەموو هێز و تواناوە درێژەی هەیە و ناردنی بەکرێگیراوانی خۆی بۆ شەڕی سووریه، دەرخەری ئەوەیه کە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بایەخێکی زۆری هەیە.