۱۳۹۵/۰۳/۰۱


دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سوپاسی خەڵکی کوردستان و لایەن سیاسیەکان دەکا


دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سوپاسی خەڵکی کوردستان و لایەن سیاسیەکان دەکا

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا وێرای سوپاس و پیزانینی بەرابەر بە بەشداریی لایەن و کەسایەتیە سیاسی و دڵسۆزەکانی کورد، سوپاسی هاوخەمی دەربڕینی هەموو خەڵکی کوردستانی کرد. هەر لەوێدا پێداگری لە سەر درێژەدان بە رێبازی شەهیدان و پەیمانی بەبڕشتتربوون لەسەر خەبات بە خەڵک دەدا.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
سوپاسنامە و پێزانینی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان
تێکۆشەرانی دێموکرات،


بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەید رەزا دروودگەر ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەدنی و چەکۆ رەحیمی ئەندامی کومیتەی ناوەندی، دوو کەس لە کادرە تێکۆشەر و پێگەیشتوو و خاوەن رابردووی خەباتگێڕانەکەی لە دەستدا ، کە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکرات بوون.

خەمی لەدەستدانی ئەو دوو رۆڵە تێکۆشەرەی کورد و ئەو دوو خەباتکارەی دێموکرات، خەمێکی گەورە بۆ هەموو لایەک و خەسارێکی گەورە بۆ تێکۆشانی کوردو حیزبی دێموکرات بوو بەڵام بەشداریی هەمەلایەنە و بەپانوبەرینیەوە لە سەرەخۆشی و رێورەسمی ناشتنی تەرمی پیرۆزیان و هاودەردی و هاوخەمیی بەرفراوانی لایەن و کەسایەتی و دڵسۆزانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا هەم خەمی لەدستدانی هاوسەنگەرانمانی کەم کردەوە و هەم هیواداریی زیاتری پێ داین بۆ درێژەدان بە رێبازی ئەو هاوڕێ کۆچکردوانەمان.

لە ماوەی رابردوودا چ بە بەشداری لە رێورەسمەکانی سەرەخۆشی و چ بە سەردان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و چ بە پەیام و برووسکە و چ بە پێوەندیی تێلێفۆنی و نامە و لە رێگەی ئینتێرنێتی و ... زۆربەی هەرەزۆری کەسایەتی و لایەنە سیاسیەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات و باشوور و باکوور و رۆژاوای نیشتماندا، هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و دڵنیایان کردوینەوە کە لە خەمە گەورەکاندا هەموومان یەکین و سپاسی هاودەردی و هاوخەمی و هیوابەخشییان دەکەینەوە و هیوادارین کە هەروەک لەو خەمانەدا یەک هەڵوێست و یەکدەنگین، لە سەرکەوتنی هەموو بەشەکانی کوردستانیشدا هەموومان شایی بگێرین.

هەر لەم ماوەیەدا خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بە تێکڕا و بە شێوەی جۆربەجۆر هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و لە شکڵی جیاوازدا کە بەوبۆنەوە دەرەتانێک پێک هاتبێ، هەم خەمی خۆیان بۆ لەدەستدانی رۆڵەکانی خۆیان نیشان داوە و هەم رێزیان لە خەباتی رۆڵکەنایان گرتوە. هەر لەو پێوەندییەدا ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە هەموو شار و شوێنەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە پەیام و نامە و پێوەندیی تاک و کۆ وبە چالاکیی جۆربەجۆر لە خەمی لەدەستدانی کادرە پێگەیشتووەکانی حیزبەکەیاندا بەشدار بوون و پەیمانی وەفادارییان بۆ رێبازەکەیان دووپات کردەوە. ئێمە وێرای سپاس و پێزانین و ئەوپەڕی رێز لە هەڵوێست و هاوخەمیی خەڵکی کوردستان بە تێکڕا و ئەندام و لایەنگرانی حیزب بەتایبەت، زۆر خۆشحاڵین کە هەڵوێست و کرداری خەڵکی کوردستان دووبارە سەلماندیانەوە کە ئەم خەڵکە پشت و پەنای خەباتی حیزبە خۆشەویستەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و بۆ جارێکی دیکەش نیشانیان دایەوە کە خەڵکی کوردستان وەفادارە بەرامبەر بەوانەی کە بەراستی و بە پاکی لە پیناوی بەختەوەریی خەڵکدا خەبات دەکەن و گیانیان و ژیاناین پیشکەش دەکەن.

هەر لەم بوارەدا ژمارەیەک رێکخراوی ئێرانی ، هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕی، کە لێرەدا پێویستە سپاسی دەفتەری سیاسییان پێ رابگەیەنین.

لە کۆتاییشدا پیویستە ئاماژە بە کار و زەحمەت و ماندوونەناسیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بکەین کە هەرچەند بۆ لەدەستدانی دوو کەس لە ئەندامانی رێبەریی ئێستا و رابردوویان کە ساڵانێکی زۆر زەحمەتیان بۆ حیزبە تێکۆشەرەکەیان کێشابوو، خەمبار بوون بەڵام بە هەموو شکڵ و شێوازێک کە لەتوانایاندا بوو، هەم بۆ بەڕێوەچوونی هەرچی باشتری رێوڕەسمە تایبەتەکان هەوڵیان دا و هەم پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ رێبازی هاوسەنگەرانی تازەکۆچکردوومان نوێ کردەوە.

هەموو ئەو رێز و هاوخەمی و لەگەڵدابوونەی حیزب ولایەنە سیاسیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، هەم دڵخۆشتر و بەهیواترمان دەکا بۆ درێژەدان بە رێبازی دروستی خەبات، هەم ئەرکێکی زیاترمان دەخاتە سەرشان کە بە دڵنیایی لە هەڵوێستی خەڵکەکەمان، بە ئاگاداربوون لە چاوەڕوانیی خەڵکەکەمان و هەموو ئەندام و لایەنگرانمان، هەنگاوی قایمتر و بەبڕشتتر لە پێناوی سەرخستنی خەباتەکەمان و رزگاریی خاک و ئازادیی خەڵکەکەماندا هەڵ بگرین.

رێباز و رێگای شەهیدان پڕ ڕێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٥/٢/٣١
٢٠١٦/٥/٢٠