۱۳۹۵/۰۲/۱۸


ئامریکای باشوور ئامانجی هاوبەشی تاران و حیزبوڵڵا


ئامریکای باشوور ئامانجی هاوبەشی تاران و حیزبوڵڵا

کوردستان میدیا: گۆڤاری "نەشناڵ ئینترێست" لە وتارێکدا لە ژێر ناوی"حیزبوڵڵا؛ مشەخۆری ئێران لە برێزیل" باسی لە ڕۆڵ و نەخشی نەرێنیی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان لە وڵاتانی ئامریکای باشوور کردووە.
"ئێمانۆئێل ئۆتلەنگی"، ئەندامی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی و نوسەری بابەتی ئاماژەبۆکراو دەنوسێ: وا وێدەچێ کە لە سەرانسەری ئامریکای لاتیندا، کۆماری ئیسلامی ڕواڵەتێکی جوان و ڕەنگاڵەی لەخۆ پیشان دابێت: سازکردنی مزگەوت، ناوەندە فەرهەنگییەکان، قوتابخانە، ئەنجامدانی کاروباری خێرخوازانە و کارە بەکۆمەڵەکان و ...، بەڵام لە پشت ئەم ڕواڵەتە خەڵک پەسندەوە کە بە ئایین و مەزهەبی شیعە داپۆشراوە، تاران پێوەندییەکی قوڵی لەگەڵ بزووتنەوە دژەئامریکاییەکان لەم ناوچەدا هەیە."


بە وتەی نووسەری ئەم بابەتە، یەکێک لە ئامانجەکانی تاران لە ئامریکای لاتین، جێگیر کردنی ئیسلامی جێگەی پەسندی ویلایەتی فەقیهە کە ئەم کارە لە ڕێگەی ناردنی بانگەشەکەری ئایینی و سازکردنی بینای فێرکاری جێبەجێ دەکات.

لە بەشێک لەم بابەتەدا هاتووە؛ یەکێک لەم بانگەشەکەرانە "مۆحسێن ڕەبانی" بوو کە ساڵی ١٩٨٣دا، دەچێتە بۆینێس ئایرێس و لە ژێرناوی پێشنوێژیی مزگەوتی "التوحید" بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاروباری تەقاندنەوەی ناوەندی فەرهەنگیی جولەکەکانی ئەم شارەی لە ساڵی ١٩٩٤دا ڕێکخست کە بەهۆیەوە ٨٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ئۆتلەنگی هەروەها دەنوسێ؛ هاوکارانی ئێران لە پڕۆسەی ژاراوی کردنی هزری خەڵکی ئامریکای لاتین، ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنانن کە بەشێکیان وەک کارگێڕی باڵوێزخانەکانی ئێران کاریان پێ سپێردراوە کە وەک نموونەش باس لە "شێخ تالب حوسەین ئەلخزرجی" دەکات کە ئەرکی ڕاکێشانی سەرنجی تاکە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە و شیعەکانی بۆ لای کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆ بووە.

لە بەشێکی ئەم بابەتەدا هاتووە؛ ئەو هاووڵاتییانەی ئامریکای لاتین کە فریوی قسەی ئەم بانگەشەکەرانەی ئێران دەخۆن، دواتر وەک سەفەری تەکمیلی بە پارەی تاران دەنێردرێنە قۆم و پاش تەواو کردنی دەورەی تایبەت، وەک سیخوڕ بۆ وڵاتەکەی خۆیان بەڕێ دەکرێنەوە.

یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی تاران بریتییە لە سازکردنی گرووپی پێشەنگی کوڕانە (گروه های پیشاهنگ پسرانە) کە لەژێر ناوی فێربوونی توخمەکانی دین، سەرقاڵی فێربوونی کاروباری سەربازی (ون) و هێماکانی حیزبوڵڵای لوبنانیشیان پێوەیە و وێدەچێ بۆ هەندێک مەبەستی خراپکارانە پەروەردە بکرێن.

ئێمانۆئێل ئۆتلەنگی لە کۆتایی بابەتەکەیدا ئاماژە بە مەترسییەکانی پشت ئەم چالاکییانە دەکات و دەڵێ؛ دەوڵەتەکانی ناوچە دەبێ بزانن کە وڵاتێکی بێگانە سەرقاڵی پەرەدان بە فەرهەنگی ڕادیکاڵیزمی مەزهەبییە و ئەگەر زوو نەجووڵێنەوە، دۆکتۆرینی دژە ئامریکایی، دژە ئیسڕائیلی، دژە ئازادی، دەبنە فەرهەنگی زاڵ.