۱۳۹۵/۰۲/۲۷


ڕێژیمی ئێران پەنابەرێكی سیاسیی لە ئالبانی ڕفاند


ڕێژیمی ئێران پەنابەرێكی سیاسیی لە ئالبانی ڕفاند

كوردستان میدیا: وتەبێژی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند بە هاوكاریی پۆلیسی ئینترپۆل، یەكێك لەو كەسانەیان دەستبەسەر كردووە كە گوایە لە تەقینەوەی دەفتەری حیزبی كۆماری ئیسلامی لە ٧ی پۆۆشپەڕی ١٣٦٠دا دەستیان هەبووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتیی تەسنیم، سەعید مونتەزیرولمەهدی، ڕۆژی ٢٥ی بانەمەڕ ڕایگەیاند بە هاوكاریی پۆلیسی ئینترپۆل و بەدواداچوونی پۆلیسی ئێران، یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق كە لە تەقینەوەی دەفتەری حیزبی كۆماری ئیسلامیدا دەستی هەبوو، لە وڵاتی ئالبانی دۆزراوەتەوە و دەستبەسەر كراوە.


شایانی باسە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا مارتین كووبلەر، نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاندبوو كە ٧١ كەس لە ئەندامانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران لە كەمپی لیبرتیی عێراقەوە گوازراونەتەوە بۆ ئالبانی و ئەو وڵاتە بە فەرمی قبووڵی كردووە پەنابەرێتیی سیاسییان پێ بدات.

كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی كەسێك بە ناوی موحەممەدڕەزا كولاهی، ئەندامی موجاهیدینی خەلق، بە تۆمەتباری سەرەكیی تەقینەوەی بینای دەفتەری حیزبی كۆماری ئیسلامی دەزانن. لەو تەقینەوەیەدا لە پووشپەڕی ١٣٦٠ ژمارەیەك لە كاربەدەستانی پلەبەرزی ڕێژیم وەك سەید موحەممەد حوسەینیی بەهەشتی، سەرۆكی دادگای باڵای وڵات گیانیان لە دەست دا.

كۆماری ئیسلامی لە حاڵێكدا ئەو تەقینەوەیە دەداتە پاڵ ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق كە تا ئێستا هەواڵی جۆراوجۆر و پێكناكۆك لە سەر شوناسی بكەران و بڕیاردەرانی ڕاستەقینەی ئەو تەقینەوەیە بڵاو بۆتەوە و تەنانەت ئەحمەدی نژاد، سەركۆماری پێشووی ڕێژیم لە دیبەیتەكانی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨دا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ باسی لە ڕۆڵی هاشمیی ڕەفسەنجانی لەو تەقینەوەیەدا كردبوو.