۱۳۹۵/۰۲/۳۰


دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ خەڵکی ئامریکا درۆی کردووە


دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ خەڵکی ئامریکا درۆی کردووە

کوردستان میدیا: سێ سێناتۆری مەجلیسی سێنای ئامریکا نامەیەکیان بۆ باراک ئۆباما نووسیوە و تێیدا داوایان کردوە کە لەبەر پاراستنی ئێعتباری دەوڵەتەکەی و خۆی، بێن ڕوودێزی ڕاوێژکاری خۆی لەسەرکار لابدا، چوونکە درێژەکێشانی ئەو باسە زەربە لە پرستیژی دەوڵەتەکەی ئۆباما دەدات.
سێ سێناتۆری ئامریکایی دوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ڕێگا نادات بێن ڕوودێز بڕواتە کۆنگرە بۆ دانی ڕوونکردنەوە لە سەر وتوێژەکەی و ئەو باسەی ورووژاندوویەتی، نامەیەکیان بۆ باراک ئۆبامای سەرۆکی ئامریکا نووسیوە و تێیدا داویان کردووە کە بێن ڕوودێز لەسەر کارەکەی لابدات.


لەو نامەیەی ئەو سێ سێناتۆرەدا هاتووە کە؛ باشترین کار بۆ ئۆباما ئەوەیە کە بێن ڕوودێز لەسەرکار لا بدات، چوونکە درێژەکێشانی ئەو باسە کە لە نێوان کۆنگرە و کۆشکی سپی‌دا هاتۆتە ئاراوە، بە زەرەری دەوڵەتی ئۆباما تەواو دەبێ و زەربە لە پرستیژی خودی ئۆباما و ئیدارەکەی دەدا.

بێن ڕوودێز پێشتر لە وتوێژ لەگەڵ نیویۆرک‌تایمزدا وتبووی کە بۆ جێخستنی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، بە بەرنامەوە زانیارییان بە ڕاگەیاندنەکان داوە.

ئەم قسانەی بێن ڕوودێز بووە هۆی ئەوە کە کۆنگرەی ئامریکا داوا بکات کە ناوبراو بڕواتە بەردەم کۆمیتەی تایبەتیی کۆنگرە و لەسەر بابەتەکە ڕوونکردنەوە بدات، بەڵام نە بێن ڕوودێز ئامادە بوو بڕوات و نە کۆشکی سپی بەو کارە ڕازی بوو.

لە نێو دژبەرانی ڕێککەوتننامەکە و دژبەرانی سیاسەتی ئۆبامادا، ئەو باسە هەیە کە دەوڵەتی ئۆباما بە درۆکردن و دەستکاریی زانیارییەکان، وای لە بیروڕای گشتیی ئامریکا و ڕاگەیاندنەکاندا جێ‌خستووە کە دەوڵەتی ڕووحانی دەوڵەتێکی میانەڕەوە و بەو شێوەیە پاساویان بۆ ڕێککەوتنی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە نێو بیروڕای گشتیدا هێناوەتەوە.