دواکەوتوویی سیستمی زاڵ لە قسەکانی نوێنەری وەلی فەقیهـدا
کوردستان میدیا: نوێنەری خامنەیی لە مەشهەد سەرلەنوێ بە قسەکانی خۆی، سەرنج و گاڵتەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
پێشنوێژی پاوانخوازی شاری مەشهەد ڕۆژی ڕابردوو، ژنان و دنیای مەجازی دایە بەر ڕەخنە و هێرشی زارەکی.
ناوبراو لە نوێژی هەینیدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە ڕێگای دوژمن شوبهاند و بانگەشەی ئەوەیشی کرد کە خراپترین دەستێوەردانەکان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتدا، هەر لەم ڕێگەیەوە بووە.
سەید ئەحمەد عەلەمولهۆدا لە درێژەدا گوتی کە؛ ٢٢ میلیۆن ئێرانی ڕاکێشی تێلگرام بوون و لەو نەرمە ئامێرەدا، زایەڵەی دژبە ئیسلام و بنەماکانی ئیسلام بوونی هەیە.
ئەو ئاخووندە حکوومەتییە لەبارەی ژنانەوە ڕایگەیاندووە؛ بێ حیجابی لە گەندەڵیی ماڵی خراپترە.
ئەو ئەندامەی مەجلیسی خوبرەگان لە درێژەی قسەکانیدا کە لە کۆبوونەوەی مەهدییەی مەشهەد هێنابوونیە بەر باس گوتی کە؛ ئارایشی ژنان کەرەستەیەکە بۆ ناچارکردنی ١٠٠ کەس بە کاری حەرام.
عەلەمولهۆدای ٧٢ ساڵە لە پیاوانی توندئاژۆی نزیک لە عەلی خامنەییە و هەڵوێستە دژ بە ژنەکانی لە ئێراندا ناوبانگیان هەیە.
ئەو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقا، چەشنێک لۆتیگەری و بەڕەڵڵاییە.