۱۳۹۵/۰۱/۲۸


وڵاتە ئیسلامییەكان، تیرۆریزمی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیان مەحكووم كرد


وڵاتە ئیسلامییەكان، تیرۆریزمی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیان مەحكووم كرد

كوردستان میدیا: ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی كۆنفرانسی ئیسلامیدا لە ئیستانبۆڵ، لە بەیاننامەی كۆتایی دانیشتنەكانی ئەو ڕێكخراوەدا، ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیان بە هۆی تیرۆریزم و هەوڵدان بۆ ئاژاوەنانەوە لە وڵاتەكانیاندا مەحكوم كرد.
بە گوێرەی هەواڵی دویچەوێلە، نوێنەرانی كۆماری ئیسلامی لەو دانیشتنەدا ناڕازیبوونی خۆیان بەرانبەر بە گونجاندنی چوار بەند لە بەیاننامەی كۆتاییدا دژ بە ڕێژیمی ئێران و بەندێك دژ بە حیزبوڵڵای لوبنان دەبڕی، بەڵام لە هەوڵەكانیاندا بۆ لابردن یان گۆڕێنی ئەو بەندانە سەركەتوو نەبوون.

دوابەدوای شكست لە گۆڕینی ناوەڕۆكی بەیاننامەكەدا و دڵنیابوون لە مەحكوومكرانی ڕێژیمی ئێران، حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆمار و موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیم وەكوو كاردانەوەیەك دژ بە ئەو بەندانە، لە دانیشتنی كۆتاییدا بەشدارییان نەكرد و هۆڵی دانیشتنەكانیان بە جێ هێشت.

بەپێی هەواڵی ئەلعەرەبیە، ڕێكخراوی كۆنفرانسی ئیسلامی لەو بەیاننامەیەدا هێرشی بەكرێگیراوانی بەسیج بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماتیكەكانی عەرەبستانی سعوودی لە تاران و مەشهەدی مەحكووم كرد.

بەیاننامەی كۆنفرانسی ئیسلامی هەروەها وێڕای مەحكوومكردنی دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی وەك عێراق، سووریە و لوبناندا هەوڵە تیرۆریستییەكان و تاوانەكانی حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە، یەمەن، بەحرەین و كوەیتیشی مەحكووم كرد.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەی ئەو ڕێكخراوەدا "دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی ئەندام وەك بەحرەین، یەمەن، سووریە، سۆمالی و درێژەدانی پاڵپشتیی ئێران لە تیرۆریزم" شەرمەزار كراوە.