جیابوونەوە و پێکگەیشتن لە ئێران بارتەقای یەکتر هاتنەوە
کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران ئەنوشیروان موحسینیی بەندپێی، ڕایگەیاند: "ئاستی تەڵاق لە هێندێک لە پارێزگاکاندا لە ٥٠% زۆرتر بووە".
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە پێنجی بانەمەڕ، بەرپرسی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران ئەنوشیروان موحسینیی بەندپێی، ڕایگەیاند کە ڕێژەی تەڵاق لە ئێراندا مەترسیداربووە و نێوان ٢٣ هەتا ٢٤ لەسەد، بەرزبووەتەوە، هەر لەو پەیوەندییەدا باس لەوە دەکرێت کە بەتایبەت پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، گیلان، خۆراسانی ڕەزەوی و مازەندەران، زۆرترین ئاستی هەڵوەشانەوەی ژیانی هاوبەشیان لە ئێراندا هەیە.
چەندساڵێکە لە ئێراندا گیروگرفتی ئابووری و کێشەی بنەماڵەیی و مادە هۆشبەرەکان و بێکاری، بووەتە هۆی زۆر بوونی تەڵاق و سەبارەت بەم بابەتە ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتیی بڵاوی کردووەتەوە کە؛ پێشتر ڕێژەی تەڵاق ١٨ کەیس لە کاتژمێرێکدا بووە، بەڵام ئێستا بە ١٩ کەیس لە کاتژمێرێکدا گەیشتووە و ئەم بابەتەش مەترسییەکە بۆ کۆمەڵگای ئێران.
جێی باسە لە ناوچە کوردنشینەکانیش بەپێی ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوە، لە پاڕێزگای سنە ڕۆژانە ٨٨ کەس هاوسەرگیری دەکەن و لە بەرانبەردا ١١ کەس کە یەکتر جیا دەبنەوە.