پاشکەوتە ئاوییەکانی ئێران کەوتۆتە ئاویلکە
کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەنووکە زیاتر لە ١١ میلیارد میتری سێ گۆشه، زیاتر لە دەفرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکان، ئاو هەڵدەگوێزرێت و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕەوتی زیاتر هەڵگوازینی ئاو لە سەرچاە ئاوییەکانی ئێران درێژەی هەیە.
هەواڵدەریی "ئیسنا" سەر بە ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی بڵاوی کردەوە: "ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران دوایین ڕۆژەکانی خۆی تێپەڕ دەکات و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و خەڵک، خێرایی بە کەمکردنەوەی ئەو ڕۆژانە دەدات".
لە کۆی زیاتر لە ٦٠٠ دەشت، دۆخی ٣٥٠ دەشت لە بواری سەرچاوە ئاوییەکان زۆر قەیراناوییە، بە جۆرێک کە لە لیستی دەشتە قەدەغەکراوەکان جێگایان گرتووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەڵگوازینی ئەو لەو دەشتانە درێژەی هەیە.
ڕاگواستنی ئاو لە ناوچەی زاگرۆس لە ڕێگای دروستکردنی بەنداوەکان و دروستکردنی داڵانەکانی ڕاگواستنی ئاو و گۆڕینی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ پارێزگا فارسنشین و ناوەندییەکانی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەیکە هەڵگوازرانی زیاتر لە ئاوەکان بکرێت و ئەوەش بە هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان ئەژمار دەکرێت.
هەواڵدەریی ئیسنا هەروەها بڵاوی کردووەتەوە؛ دۆخی ئاوی ئێران مەترسیدارە و ئەوەش بۆ بەهرەبەردارانی ئەو ئاوە، تەنیا دروشمێکی ڕۆژانەیە.
مەعسوومە ئیبتکار سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگه، ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئێران لە بواری کێشەی ئاو لە جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە.