۱۳۹۵/۰۱/۲۴


عەرەبستان و ئۆردۆن ناڕازیبوونی خۆیان بەرانبەر بە دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی


عەرەبستان و ئۆردۆن ناڕازیبوونی خۆیان بەرانبەر بە دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی

كوردستان میدیا: لە دیداری شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی و پاشای ئۆردۆندا پێداگری لە سەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەدا كرایەوە.
بەپێی هەواڵی ئەلعەرەبیە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ئاوریل مەحەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین، جێگری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودی لە ئۆردۆن لەگەڵ مەلیك عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئۆردۆن و شاندێكی پێكهاتوو لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە.



پاش ئەو چاوپێكەوتنە، هەردوو لا بە دەركردنی بەیاننامەیەكی هاوبەش، دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بە دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا دەربڕی و لەمەڕ درێژەدانی سیاسەتە هەنووكەییەكانی كۆماری ئیسلامی، هۆشداریان بەو ڕێژیمە دا.

لەو بەیاننامەی هاوبەشەدا هاتووە كە:
"هەر دوو لا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ سیاسەتی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەدا كە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئاژاوە تاییفیەكان و گەشەكردنی تیرۆریزم، دەربڕی. ئەوان هەروەها لەمەڕ درێژەدانی سیاسەتە هەنووكەییەكانی ئێران كە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی بارگرژییەكان و كەلێنەكان لە ناوچەكەدا و بە ئامانجكردنی سەقامگیریی ناوچە، هۆشداریان بەو ڕێژیمە دا".

لە درێژەی بەیاننامەكەدا هەروەها پێداگری لە سەر هاوكاریی هەر دوو وڵات لە بواری خەبات دژ بە تیرۆریزم و توندئاژۆییدا كراوەتەوە.
وڵاتانی
 سەربەخۆی ناوچە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەمەڕ مەترسیی دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی لە كاروباری نێوخۆییاندا و هەوڵەكانی ئەو ڕێژیمە لەمەڕ پەرەپێدانی ناكۆكیی تایفی و تیرۆریزم لە ڕێگەی بەكارهێنانی دەستوپێوەندییەكانییەوە هۆشداریان داوە. 

سەرهەڵدانی هاوپەیمانیی سەربازیی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستانی سعوودی یەكێك لە هەوڵەكانی ئەو وڵاتانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە هەڕەشانەی ڕێژیمی ئێران بووە.