۱۳۹۵/۰۱/۲۲



حوسێن دێهقان: ئامریکا پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات


حوسێن دێهقان: ئامریکا پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات


کوردستان میدیا: حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، هێرشی توندی کردە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئەو وڵاتەی بە پشتیوانی لە تێرۆریزم تاونبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان، حوسێن دێهقان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ مۆرەی بە کوشت‌چووی ڕێژیم عەلی سەیاد شیرازی لە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەبارەت بە قسەکانی جان کێری وەزیری دەروەی ئامریکا لە بەحرەین هەڵوێستی توندی گرتە بەر.



جان کێری لە کۆبوونەوەیەک لە بەحرەین داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە ئەو ڕێژیمە نیشان بدات ئەندامێکی کاریگەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریه و شەڕێ یەمەن یارمەتی جیهان بکات.

ناوبرا لە بەشێكی قسەکانیدا وەک سێ پرسیار گوتی کە هۆکاری بوونی ئامریکا لە ناوچەکەدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ بۆخۆیان لە یەمەن ژینۆساید دەکەن بەڵام هیچ ناڵێن ئەگەر لە دەوڵەتێکی دیکە ئەو کارە ڕوو بدات هاواری مافی مرۆڤیان لێ بڵیند دەبێت؟ هۆکاری پشتیوانی ئەو وڵاتە لە گرووپە توندڕەوکان و تێرۆریزم چیە؟

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیمی گوتی" :هەر کات ئامریکا وڵامی ئەو سێ پرسیارەی داوە و بیری لەو مەسەلەیە کردەوە زۆبڵەیی نەکردووە و قسەی مفتیش ناکات".

هەروەها حوسێن سەلامی، جێگری گشتیی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لەو ڕێوڕەسمەدا باسی لەوە کرد کە باس کردن لە ئیلزاماتی بەرگریی ئێران لە سەلاحیەتی ئامریکاییەکان بەدەرە.

ناوبراو گوتی کە هێزی مووشەکیی ئێمە هیچ کات جێگای مامەڵەکردن، ئاشتی و دانوستان نیە و بەرنامەی مووشەکیی ئێران لەژێر بڕیاراتی نێوخۆیی نیزام و فەرماندەریی گشتیی هێزەکانە".

ڕۆژی ١٨ و ١٩ی ڕەشەمە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مووشەکی بالستیکی تاقیکردەوە و هاوکات ڕایگەیاند کە، ئەو مووشەکانەی ئێمە توانایی ئەوەیان هەیە کە لە ٢٠٠ کیلۆمیتری شوێنی مەبەستی خۆیان بپێکن.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ڕۆژێک دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران "عەباس عێڕاقچی" ڕایگەیاند کە، توانایی مووشەکی ئێران و تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە درووست کراون، وڵاتانی ڕۆژئاوایی ناچار کرد کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانووستان بکەن.

ئەو تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بوو بە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی و لەو پێوەندییەدا هەر دوو وڵاتانی ئامریکا و فەڕانسە ڕایانگەیاند کە، ڕێژیمی ئیڕان بەو تاقیکارییە مووشەکییە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی پێشێل کردووە.