۱۳۹۵/۰۱/۲۲



باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران دەڵێت ڕووسیە شەڕی نیابەتیی تورکیە بە کورد و ئەرمەنییەکان دەکات


باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران دەڵێت ڕووسیە شەڕی نیابەتیی تورکیە بە کورد و ئەرمەنییەکان دەکات



کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر ڕووسیە و ئەو وڵاتە بەوە تاوانبار دەکەن کە ڕووسیه لە ڕێگای کورد و ئەرمەنییەکانەوە شەڕی نیابەتیی تورکیە دەکات.



بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەفشار سلێمانی باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی کۆماری ئازەربایجان، ڕووسیەی بەوە تاوانبار کرد کە ئەو وڵاتە ئەرمنییەکانی لە سووریه و ژمارەیەک لە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)ی لە هەرێمی قەرەباغ جێگیر کردووە تا دژی تورکیه کەڵکیان لێ‌وەربگرێت.

سلێمانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "آرمان" سەر بە هاشمیی ڕەفسەنجانی، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕووسیه دژی تورکیە کەڵک لە ئەرمنییەکان وەردەگرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها دەڵێت کە؛ ڕووسیه بۆ پێشگرتن لە نزیکیی نێوان ئازەربایجان و ڕۆژئاوا و ڕێکخستنی باکوو بە ناوەندەکانی ژێر ڕێبەریی خۆی، پێش لە دزەکردنی تورکیە لە باشووری قەفقاز دەگرێت.

شەڕ و تێکهەڵچوونی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان دوای ئەوە دەستی پێکرد، کە هەردوو لایەن یەکتریان بە پێشێل کردنی ئاگربەستی نێوانیان تاوانبار دەکرد. هەر کام لەم دوو وڵاتە بەرامبەرەکەی بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە تۆپخانە و چەکی سووکەوە تەقەیان لە بەرامبەرەکەیان کردووە.

شەڕی نیوان ئەم دوو وڵاتە، لەساڵی ١٩٩٨ەوە، ئەو کاتەی کە ناگۆرنۆی قەرەباغ لە کۆماری ئەزەربایجان جیا بووەوە سەری‏هەڵدا و ئێستاش هەر کام لەم دوو وڵاتە ئیدعای خاوەندارێتی ئەم ناوچەیە دەکەن.

ناگۆرنۆی قەرەباغ، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە بووەته مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نیوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە کەوتووەتە دۆخێکی بەرزەخی و بەرداشی نێوان دوو وڵات.

ناگۆرنۆ کە دەکەوێتە وڵاتی ئازەربایجانەوە، ١٥ هەزار دانیشتووی هەیە و ڕووبەرەکەی ١٢ هەزار میتری چوارگۆشەیە، لە دوای کۆتایی شەڕی تەمام عەیاری نێوان ئەم وڵاتە لە ١٩٩٤ لەژیر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکانی ئەرمەنی دایە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوو وڵات، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کوژراون و نزیکەی یەک ملیۆن کەس، خەڵکی ئەم دوو وڵاتە ئاوارە بوون.