ڕێژێمی داگیرکەری کوردستان سەرچاوە ژێرزەوییەکان بەتاڵان دەبات

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرچاوە ژێرزەوییەکان بە ناوی خۆیان تاپۆ دەکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە ماوەی چەندین ساڵ دەستەڵاتی سەپێندراوی خۆی لە کوردستاندا، لە هەموو شێوازێک بۆ دزی و بەتاڵانبردنی ماڵ و سەرمایەی کورد و خاکی کورد کەڵکی وەرگرتوە.
هەواڵنێری کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ڕێژیمی ئێران له شاخ و کێوەکانی کوردستان خەریکی تاپۆکردنی کانگاکانی بەردی بە نرخه و زۆر جاریش بە بیانووی کانگای بەرد، کەلپوور و ئەنتیکە بەنرخە ژێرخاکییەکانی کوردستان کە سەلمێنەری شارستانیەت و تەمەنی کوردە، تاڵان دەکەن و لە دەرەوەی وڵات دەیفرۆشن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرته، لە شاخی "تاقەکێو" لە گوندی "کانیکوزەڵە"ی سەر بە شاری بۆکان،[لە ٤٥ کیلۆمیتریی بۆکان هەڵکەوتووە]، کانگای بەردی بەنرخیان دیوەتەوە و خەریکی دەرهێنانی بەردی ئەو کێوە و گواستنەوەی بۆ شاری ئێسفەهانن و لە بەرانبەردا هیچ داهاتێک لەو کانگایە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و كورىستان ڕەچاو نەکراوە.
ڕێژیمی ئێران ساڵانە بەرهەمێکی زۆر لە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان هەڵدەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی کوردستان هەبێت و تەنانەت بۆ کارکردن لەو کانگایانەش کەڵک لە خەڵکی کوردستان وەرناگرن.
کانگای زێڕی "زەرەشوان" لە "سائینقەڵا"، یەکێک لە کانگا گەورەکانی زێڕە لە ئێراندا کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵکەوتووە، بەڵام هیچ سودێکی بۆ خەڵکی ناوچەکە نیه.
سیاسەتی هەژارکردنی خەڵکی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی تاڵانکەری ئێرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتی خۆی زیاتر بە سەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت و سەرکوتی خۆی بەهێزتر بکات.