ئامریکا ماوەی دۆخی نائاسایی لەهەمبەر ڕێژیمی ئێراندا درێژکردەوە

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەو وڵاتە، دۆخی نائاسایی لەبەر مەترسییە شاراوەکانی ڕێژیمی ئیرانی درێژ کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، باراک ئۆباما سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی پێنجشەشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ هەتاوی، بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەخت کردنەوە لەسەر نائاسایی بوونی پەیوەندییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە رێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکیتر درێژ کردەوە.
ئۆباما لەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە کە پێویستە فەرمانی ١٢١٧٠ لە ڕێکەوتی ١٤ی نوامبەر بەم لاوە لەبە چاو بگیرێت.
بڕیاری ١٢١٧٠ی ئامریکا ١٠ ڕۆژ دوای هێرشی خوێندکارانی بە ناو پێڕەوی خەتی ئیمام کە هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی آمریکا و هەروەها بارمتەگرتنی خزمەتکارانی ئامریکا دەرکراوە.
ئۆباما لە بەشێکی ئەو نامەیەدا ڕایگەیاندووە؛ ئەگەرچی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە، بەڵام هەندێک لە سیاسەت و کردەوەکانی ئەو ڕێژیمە هەڕەشەیەکی جیددی و نائاسایی بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا ئەژمار دەکرێت.
دوای دوو ساڵ لە بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا، ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی بارمتەگیری لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران ڕێککەوتن، بەڵام هەندێک لە ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە هەتا ئێستاش دوای ٣٤ ساڵ بەڕێوە نەچووە و بەردەوام وەکوو خۆی ماوەتەوە.
ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەرانبەر بە ١٣٥٧ی هەتاوی، جیمی کارتێر سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا، سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لە لایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکاوە درێژ کراوەتەوە؛ ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە دەورانی سەرکۆماریی جیمی کارتێر بۆ یەکەم جار دژی ڕێژیمی ئێران پەسندی کرد، ڕێگریی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامریکا کرد.
ساڵی ڕابردووش باراک ئۆباما، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەخت کردنەوە لەسەر نائاسایی بوونی پەیوەندییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە رێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکیتر درێژ کردەوە.
ئەو بڕیارەش بۆ زەمانی بیل کلینتۆن سەرکۆماری پێشووی ئامریکا لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی دەگەڕێتەوە کە هەندێک گەمارۆ ئابووری دژ بە ئێران لەخۆوە دەگرێت.