۱۳۹۵/۰۸/۰۹


بان كی مون، بۆردمانی قوتابخانەیەكی منداڵانی لە ئێدلیب بە "تاوانی شەڕ" لە قەڵەم دا

بان كی مون، بۆردمانی قوتابخانەیەكی منداڵانی لە ئێدلیب بە

كوردستان میدیا: بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای مەحكوومكردنی بۆردمانی قوتابخانەیەك لە شاری ئێدلیب كە تێیدا لانیكەم ٢٢ منداڵ گیانیان لە دەست دا، داوا دەكات لێكۆڵینەوەی نێونەتەوەیی لەو پێوەندییەدا بكربَت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، ستیفن دۆجاریك، وتەبێژی بان كی مۆنیش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ئۆكتۆبر لە بەیاننامەیەكدا وێڕای دەربڕێنی بێزاری لەو ڕووداوە گوتی: "ئەگەر ئەو هێرشە بە ئەنقەست كرابێت، لە ڕاستیدا تاوانێكی شەڕە".

بان كی مۆن هەروەها ڕایگەیاند: "ئەوانەی كە ئەو كردەوانە ئەنجام دەدەن، لە دادگەری ناترسن. دەبێ پێیان بسەلمێندرێت كە لە هەڵەدان".

وتەبێژی بان كی مۆن دەڵێ: "بۆ پێڕاگەیشتن بەو تاوانانە بژاردەی جیاواز لە بەردەستدان، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان یان ناردنی دۆسیەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بۆ دادگای نێونەتەوەیی تاوانەكانی شەڕ بە مەبەستی دادگاییكردنیان بكەین".

هاوكات، جان مارك ئیرۆلت، وەزیری دەرەوەی فەرانسەش وێڕای مەحكوومكردنی ئەو هێرشە ڕایگەیاند: "بەرپرسیاری بۆردمانكردنی قوتابخانەی منداڵان لە ئێدلیب، یان ڕێژیمی ئەسەدە یان ڕووسیە".

لە لایەكی دیكەوە، مۆسكۆ وێڕای ڕەتكردنەوەی بەرپرسایەتیی خۆی لەو پێوەندییەدا، ڕایگەیاند درێژە بە هێرشەكانی خۆی لە ئێدلیب و حەلەب دەدات.

ڕێكخراوی یۆنیسێف ڕایگەیاند هێرش بۆ سەر قوتابخانەی منداڵان لە سووریە، خوێناویترین كۆمەڵكوژیی منداڵانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا بووە.

سەرچاوە سووریەكان ڕایانگەیاندووە كە لە هێرشی ئاسمانیی ڕۆژی چوارشەممەدا بۆ سەر قوتابخانەیەك لە پارێزگای ئێدلیب، ٢٢ منداڵ و ٦ مامۆستا گیانیان لە دەست داوە.