۱۳۹۵/۰۷/۲۷


عەرەبستان وەزارەتی کاروباری کەنداوی دامەزراند

عەرەبستان وەزارەتی کاروباری کەنداوی دامەزراند

کوردستان میدیا: ڕێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبر بە بڕیاری مەلێک سەلمان پاشای عەرەبستانی سعوودی، وەزارەتی کاروباری کەنداو دامەزرا و "سامێر ئەلسەهبان"یش وەک وەزیری ئەم وەزارەتخانەیە دیاری کرا.
بەپێی بڕیاری پاشای عەرەبستان کە دەقەکەی لە ماڵپەڕی "العربیە" دانراوە عەبدولعەزیز شمری لە باتی سامێر ئەلسەهبان کرا بە کارداری باڵوێزخانەی عەرەبستان لە عێراق و سامێر پۆستی وەزارەتی کەنداوی وەرگرت.

سامێر ئەلسەهبان بەهۆی نیزیکایەتی لەگەڵ تایفە و عەشیرەکانی عێراق توانی کاریگەریی زۆر لەسەر سەرکردەی ئەم هۆزانە، چ شێعە و چ سووننی، دابنێت و هەر ئەم مەسەلەش ڕێژیمی تارانی تووشی دڵەڕاوکێ کردبوو و تەنانەت ناوبراویان بە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق تۆمەتبار دەکرد.

ناوبراویش لە وەڵامی ئەم تۆمەت لێدانەی تاران بە تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیەی وتووە: ئەگەر دروشمی فیرقەگەرایی شێعە – سووننی لە عیراقدا کۆتایی پێ بێت، چیدیکە ئێران ناتوانێ لەم وڵاتەدا تەڕاتێن بکات، چوونکە ڕێژیمی ئێران زۆر لە گەشەسەندنی ئاگاهی نەتەوەیی عەرەبەکان دەترسێ.

دانانی وەزارەتێک بە ناوی کەنداو، بەڕای کارناسان هەوڵێکی جیددی عەرەبستانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ دەستیوەردان لە کاروباری وڵاتانی ئەم ناوچەیە.

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران وەک نەریتێک لە سیستمە سیاسییەکەیدا هەوڵی دزەکردنە نێو وڵاتانی ناوچەی داوە و دواهەوڵەکانیشی بریتی بوون لە پشتیوانی کردن لە حوسییەکانی یەمەن، دنەدانی شیعەکانی عەرەبستان، پاڵپشتی کردن لە ڕێژیمی بەسار ئەسەد، دەستێوەردانی ئاشکرا لە عێراق.