۱۳۹۵/۰۷/۲۲


شەڕی سووریە بە بۆردمانی حەلەب و سەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆن لە حەما درێژەی هەیە

شەڕی سووریە بە بۆردمانی حەلەب و سەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆن لە حەما درێژەی هەیە

كوردستان میدیا: دژبەرانی ڕێژیمی سووریە لە دەوروبەری شاری حەما توانیان هێزەكانی ڕیِژیم و هاوپەیمانەكانیان ناچار بە پاشەكشە بكەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند پاش ئەوەی كە لە هێرشی ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووی هێزەكانی ڕێژیمی سووریەدا دوو گوندی "معان" و "الكباریە" كۆنترۆڵ كران، هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە دژەهێرشێكدا ئەو دوو گوندە و ناوچەكانی دەوروبەریان بۆ جارێكی دیكە كۆنترۆڵ كردەوە. 

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هەروەها ڕایگەیاند لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو ناوچەیە و هەروەها لە دەڤەری لازقیە، هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە كەڵك وەرگرتن لە چەكوچۆڵی قورس، هێرشێكی توندیان دژ بە هێزەكانی ڕێژیم دەست پێ كردووە. 

سەرەڕای حەلەب، دەوروبەری "حەما"ش لە ڕۆژانی ڕابردوودا شاهیدی هێرشی بەربڵاوی هێزەكانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزیسیۆن بوو كە لە چەند ناوچەدا سەركەوتنیشیان بە دەست هێنا، بەڵام لە دژەهێرشی ئۆپۆزیسیۆندا ئەو دەڤەرانە بۆ جارێكی دیكە كۆنترۆڵ كرانەوە.

هاوكات، فڕۆكەكانی ڕووسیە ڕۆژی سێ‍‌شەممە ١١ی ئۆكتۆبر بۆردمانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبیان دەست پێ كردەوە.

زەكەریا مەلاحەفجی چالاكی سەر بە ڕێكخراوی "فەستەقیم" لە حەلەبەوە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی گوتووە: "زۆربەی بۆردمانەكان بۆ سەر ناوچەی بۆستانولقەسر بووە".

بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن و چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە دەڵێن بە هۆی هێرشەكانی ڕۆژی سێ‌شەممەی ڕووسیە بۆ سەر شاری حەلەب، چەندین كەس لە خەڵكی مەدەنی بوونەتە قوربانی، بەڵام ژمارەیان تا ئێستا دیار نیە".