"ناخودییەکان" ناچار بە "دەست لەکار کێشانەوە" دەکرێن

کوردستان میدیا: لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرکۆماری ڕێژیم، ٢ وەزیری کابینەی ڕوحانی دەستییان لەکار کێشایەوە.
هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی ٢ وەزیری کابینەی ڕوحانییان بڵاو کردەوە کە گوایە بە مەبەستی "نۆژەن کردنەوە و بەهێزکردنی کابینەی یازدەیەم" دەستیان داوەتە ئەم کارە.
عەلی جەنەتی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشاد و مەحمود گودەرزی وەزیری وەرزش و لاوانی کۆماری ئیسلامی ناوی ئەو ٢ وەزیرەیە کە هەندێک لایەن پییان وایە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خودی حەسەن ڕۆحانی ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کراون.
هەندێک سەرچاوەی دیکەش هەواڵی دەست لەکارکیشانەوەی وەزیری ئابووری و وەزیری پەروەردە و بارهێنانیشیان بڵاو کردۆتەوە کە لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانەوە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دەست لەکارکێشانەوەی جەنەتی دوابەدوای ئەوە دێتە ئاراوە کە؛ هەندێک لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیەتی و پێشنوێژانی ڕۆژی هەینی دژ بە بڕیاری بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە قۆم و مەشهەد وەستانەوە.
ماڵپەڕی تابناکیش سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەکەی گودەرزی وتوویەتی ناوبراو کاتژمێر ١٥:٣٠ خولەکی ڕۆژی سێشەممە و پاش چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆحانی بڕیاری داوە لە پۆستەکەی دوور بکەوێتەوە.
وەلانانی بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی چ بە حەزی خۆیان بێ یان بە بڕیاری لایەنە ئەمنیەتییەکان، لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا پرسێکی نوێ نییە و لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم زانیبێتیان ئەو کەسە ملکەچیان نابێت پەنایان بردووەتە بەر حەزفی فیزیکی.