۱۳۹۵/۰۷/۱۸


یۆکیا ئامانۆ: ئەگەری جێبەجێ نەبوونی بەرجام هەیە

یۆکیا ئامانۆ: ئەگەری جێبەجێ نەبوونی بەرجام هەیە

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند؛ بەرجام لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە و هەر هەڵەیەک لەلایەن ئێرانەوە دەتوانێ ببێتە هۆی جێبەجێ نەبوونی.
هەواڵدەریی ئاڵمان لە زاری یۆکیا ئامانۆوە بڵاوی کردەوە؛ جێبەجێ کردنی بەرجام هێشتا سەداسەد نەبووەتەوە و هەر هەڵەیەکی بچووکی تکنیکی یان لادان لە چوارچێوەی گشتیی ڕێککەوتننامەکە دەتوانێ کێشەی سیاسی گەورەی لێ‌بکەوێتەوە و شوێندانەریی نێگەتیڤ لەسەر ئەم ڕێککەوتنە دابنێت.

سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کە ڕۆژی هەینی ١٦ی ڕەزبەر سەردانی وڵاتی ئاڵمانی کرد، بە حاڵەتی هۆشدارەوە بە هەواڵدەریی ئاڵمانی ڕاگەیاند: ئەگەرچی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ واژۆ کراوە، بەڵام جێبەجێ کردنەکەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە و دەبێ کۆماری ئیسلامی زۆر وریای هەڵسوکەوتەکانی بێت.

هەرچەند کە سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام شانازی بەم ڕێککەوتنەوە دەکەن، بەڵام بەشێک لە باڵەکانی نێو حکومەت بە چاوی ڕەخنەوە سیری بەرجام دەکەن و دەلێن؛ ئەم ڕێککەوتننامە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر وڵات دانەناوە و بەرجام بە دانی باجێکی بێ‌کەڵک لەلایەن دەوڵەتی یازدەیەمەوە ناوزەد دەکەن.

لە ئامریکاشدا زۆربەی سیاسەتمەدارەکانی سەر بە کۆماریخوازەکان، بەتایبەت دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆماریخوازەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەم وڵاتە، دژی ئەم ڕێککەوتنەن و وەک "ڕێککەوتنی خراپ" ناوی لێ دەبەن و بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە دەبێ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە ڕابگیرێت.