پزیشكانی بێ سنوور لە سووریە و یەمەن زیاتر لە ٧٧ جار هێرشیان كراوەتە سەر

كوردستان میدیا: ڕێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور دەڵێ لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، ناوەند و بنكە تەندروستییەكانی سەر بەو ڕێكخراوەیە لە سووریە و یەمەن زیاتر لە حەفتاوحەوت جار هێرشیان كراوەتە سەر.
ڕاپۆرتی ڕێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور، ڕۆژی یەكشەممە لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی هێرشی ئاسمانیی فڕۆكە بومبهاوێژەكانی ئەمریكادا بۆ سەر نەخۆشخانەیەك لە شاری "قوندووز"ی ئەفغانستان كە بوو بە هۆی كوژرانی ٤٢ كەس، بڵاو كراوەتەوە.
دوابەدوای ئەو ڕووداوە، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو كە ئەو هێرشە بە هۆی "هەڵە"ی فڕۆكەكانیان ڕووی داوە كە پێیان وا بووە ئەو ناوەندە یەكێك لە بنكەكانی ڕێكخراوی تاڵیبانە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان، ڕێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە بڕیارنامەی خۆی لەمەڕ پاڵپشتی لە ناوەندە تەندروستییەكانی هەڵكەوتوو لە شوێنی پێكدادانە سەربازییەكاندا كە بەهاری ئەمساڵ پەسەند كرابوو، جێبەجێ بكات.
لە چەند حەوتووی ڕابردوودا هەواڵی جۆراوجۆر لە مەڕ هێرشی فڕۆكە شەڕكەرەكانی هێزی ئاسمانیی ڕووسیە و سووریە بۆ سەر شوێنە مەدەنییەكان و یەك لەوانە نەخۆشخانەكان، لە شەڕی داگیركردنی شاری حەلەبدا بڵاو بۆتەوە.