۱۳۹۵/۰۸/۰۱


ئەحمەد مۆنتەزێری دادگایی کرا

ئەحمەد مۆنتەزێری دادگایی کرا

کوردستان میدیا: بەهۆی بڵاوکردنەوەی فایلی دەنگی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری، کوڕەکەی لە دادگای "ڕوحانیەت" خرایە بەر لێپرسینەوە.
بنەماڵەی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری لە کاناڵی تێلێگرامەکەیاندا ئاشکرایان کرد کە؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر، ئەحمەد مۆنتەزێری کوڕی حسەینعەلی مۆنتەزێری بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی فایلی دەنگی باوکی کە تێیدا باسی لە جینایەتەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی کردبوو، لە دادگای تایبەتی "ڕوحانیەت" لە قۆم کەوتە بەر لێپرسینەوە.
بەپێی ئەم هەواڵە تۆمەتی وەپاڵ دراوی ناوبراو "هەنگاونان بەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی" بووە کە لە دادگایەکدا بەبێ بوونی پارێزەر و لێژنەی دادوەری و بە نهێنی خراوەتە بەر لیپرسینەوە کە ماوەی ٥ کاتژمێری خایاندووە.

ماڵپەڕی فەرمیی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا فایلێکی دەنگیی لەم ڕەخنەگرەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕوو لە ئەندامانی کۆمیتەی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ دەلێ؛ "ئەوەیکە دەکرێ "گەورەترین جینایەتە" لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا و لە داهاتوودا خەڵک پێتان دەڵێن "جینایەتکار".

بلاوبوونەوەی ئەم فایلە دەنگییە پەرچەکرداری جۆراوجۆری زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە کە تێیدا بەشێکی بەرچاویان داکۆکییان لە جینایەتەکانی کۆمیتەی ناوبراو دەکرد.

هاوکات زیاتر لە ١٠٠٠ کەسایەتی و چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات لە نامەیەکدا بۆ شۆرای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیوانی نێونەتەوەیی کەیفەری داوایان کردبوو کە کوشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی ٦٧ وەک "جینایەت دژ بە مرۆڤایەتی" بناسێنن.