۱۳۹۵/۰۸/۱۰


كۆبوونەوەی "ڕۆژی كوورش"، بوو بە ڕێوڕەسمی حەجی فاشیستەكان

كۆبوونەوەی

كوردستان میدیا: كۆبوونەوەی ڕەگەزپەرستانەی "ڕۆژی كوورش" لە شوێنی ئاسەواری مێژوویی پاسارگاد، بۆ جارێكی دیكە بە گوتنەوەی كۆمەڵێك لێدوان و دروشمی ڕەگەزپەرەستانە بە تایبەتی دژ بە عەرەبەكان و پێداگرییان لەسەر پێویستیی ملكەچبوونی نەتەوە بندەستەكانی ئێران بەرانبەر بە داگیركاریی سیستمی سەركوتكەری ناوەندگرای ئێران بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە شوێنی ئاسەواری مێژوویی پاسارگاد، كۆمەڵێك لە خەڵكی شوڤینیست بە بیانووی "ڕێزلێنان" لە كوورشی هەخامەنشی، دەستیان دایە گوتنەوەی دروشمی ڕەگەزپەرستانە و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی سیستمی داگیركاری دژ بە نەتەوە ستەملێكراوەكانی ئێران.

بە گوێرەی هەواڵی ئەلعەرەبیە، لەو كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك لە بەشداربوان ئەم دروشمانە و دروشمی هاوشێوەیان دووپات دەكردەوە:
"ئێمە ئاریایین، عەرەب ناپەرەستین"، "ئەگەرچی دەڵێن بە دەست خودایە، بە دەست عەرەبە هەرچی بەڵایە".

لە بەشێك لەو ڕێوڕەسمەدا چەند كەسێك بە لەبەركردنی جلوبەرگی تایبەت بە نەتەوە ستەملێكراوەكانی ئێران وایان نیشان دەدا كە گوایە ئەو گەلانەش لە وەهمی شۆڤینیستی و مەزنیخوازانەی بەشداربوان و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارن.

زۆربەی ڕاگەیەنە فارسییەكانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریكا كە هەواڵی ئەو ڕووداوەیان ڕووماڵ كردووە، لە ڕاپۆرتەكانی خۆیاندا هیچ ئاماژەیەكیان بە كەشوهەوای ڕەگەزپەرستانەی زاڵ بە سەر كۆبوونەوەكەدا نەكردووە و هەوڵیان داوە تەنیا وەك كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی خۆڕسك و تەنانەت دژ بە ڕێژیم پێناسەی بكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە نیشانەكان دەری دەخەن ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات لەو كۆبوونەوەیە و ئاراستە شۆڤینیستی و دژەعەرەبییەكەی، بە قازانجی دەستێوەردانەكانی خۆی لە وڵاتانی عەرەبیدا و هەروەها هەوڵەكانی بۆ تواندنەوەی نەتەوە بندەستەكانی ئێران كەڵك وەربگرێت.

تا ئێستا نەك هەر هیچ ئۆرگانێكی حكوومەتیی ئێران یان لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژ بە دروشمە ڕەگەزپەرستانەكانی ئەو كۆبوونەوەیە هەڵوێستیان نەگرتووە، بەڵكوو بە شێوەیەكی بەربڵاو هەوڵێان داوە ڕووماڵی وێنە و هەواڵەكانی كۆبوونەوەكە بكەن.

دەبێ بوترێت، ئەو بۆنەیە كە بەڕێوەبەران و بەشداربووانی ڕێوڕەسمی پاسارگاد وەكوو "ڕۆژی جیهانیی كوورش" ناوی لێ دەبەن، لە لایەن هیچ دامەزراوەیەكی نێونەتەوەیی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان یان ئۆرگانە پێوەندیدارەكانی وەك "یۆنسكۆ"وە بە فەرمی نەناسراوە.

شایانی باسە كە باس لەسەر شوێنی ناشتن و هۆكاری مردنی كوورش، دامەزرێنەری پاشایەتیی هەخامەنشی و داگیركەری ماد و بەرهەم و ئاسەوارە بەجێماوەكانی ناوبراو، هەمیشە جێگەی مشتومڕێكی زۆر بووە.

گوتنەوەی دروشمی ڕەگەزپەرستانە و فاشیستی بە بۆنەی ڕۆژی كوورش، لە كاتێكدایە كە بەشێك لە ئێرانییەكان بە دروست یان هەڵە، خودی كوورش بە "باوكی مافی مرۆڤ" لە قەڵەم دەدەن و باس لە لەوحەیەكی دەستكردی ناوبراو دەكەن كە گوایە تێیدا باسی لە كۆمەڵێك لە بنەماكانی مافی مرۆڤ كردووە.