ئەندامێکی داعشی خەڵکی شنۆ کوژرا

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش خەڵکی شاری شنۆ لەکوردستانی ڕۆژهەڵات لە حەلەب کوژرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "جەلال پیراموونه" کوڕی "کەریم"، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیە کوژرا.
ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش خەڵکی گوندی "نەڵیوان"ی سەر بە شاری شنۆ بووە و بۆ ئەنجامی کاری تێرۆریستی ڕۆیشتبووە سووریە.
ناوبراو لە شاری شنۆ وەستای باربەندی سایپا بووە، دواتر پەیوەست بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش بووە.
تا ئێستا چەندین هاووڵاتیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعشدا کوژراون و ئەو کەسانە زیاتر لە ڕێگای گرووپە توندڕەوە سەلەفییەکان لە کوردستان پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیانە دەگرن.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەندامێکی تێرۆریستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا.
شوناسی ئەو تێرۆریستە "عەزیزوڵڵا محەممەدی" ڕاگەیەندراوە، کە سەر بە بەکرێگیراوانی گوردانی ناسراو بە "فاطمیون" بووە.