ڕێژیمی ئێران کێشەی دوو گوند لە شنۆ چارەسەر ناکات

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە شاری شنۆ کێشەی ئاوی نێوان دوو گوندی هێیه و میراوێ چارەسەر ناکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە نێوان دانیشتوانی دو گوندی هێیە و میراوێ سەر بە شاری شنۆ لە سەر ئاو، کێشەیان لێ ساز بووە ئەو کێشەیە هەنووکە قوڵتر بووەتەوە و دوو لایەن گڕژیان تێکەوتووە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند ئاوی خواردنەوەی گوندی هێیە لە لایەن خەڵکی گوندی میراوێ پچڕاوە و خەڵکی ئەو گوندەش لە بەرانبەردا جاددەی مێراوێیان گرتووە و ناهێڵن هاتوچۆ بکرێت.
کێشەی نێوان ئەو دوو گوندەی ماوەی چەند ساڵە درێژەی هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم و ئیدارەکانی پێوندیدار هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرن و بەڵکوو خۆی لە پشتگوێ دەکەن.
چەند ساڵ لەمەو بەر لە نێوان ئەو دوو گوندە لە سەر جۆگەی ئاو شەڕ ڕووی دا و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا بێڕێزیان بە خەڵک کرد و چەند کەسیان دەستبەسەر کرد.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان لە هەلومەرجی لەم چەشنەدا بە جێگای ئەوەیکە کێشەی هاووڵاتییان چارەسەر بکەن ئاگری شەڕەکە خۆشتر دەکەن و ئاژاوەی زیاتر دەنێنەوە.