ململانێی ئێران و عەرەبستان گەیشتە حەج

كوردستان میدیا: هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی حەجی ئەمساڵ، ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییەش بۆتە خاڵێكی ناكۆكیی دیكە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و حكوومەتی عەرەبستاندا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەكانی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕێوەڕەسمی حەج ڕایگەیاند: "جیهانی ئیسلام، بە هەموو دەوڵەت و نەتەوەكانیەوە دەبێ دەسەڵاتدارانی سعوودی بناسن و بەرۆكیان بەر نەدەن و دەبێ بە هۆی هەڵسوكەوتی ستەمكارانەیان لەگەڵ میوانانی ماڵی خودا بیریكی بنەڕەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی بارەگا پیرۆزە ئایینییەكان و مەسەلەی حەج بكەنەوە.
پەیامی خامنەیی لە كاتێكدا بڵاو دەبێتەوە كە بە بڕیاری عەرەبستان، پاش هێرشی ساڵی ڕابردووی بەكرێگیراوانی ڕێژیمی تاران بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماتیكەكانی ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد و هەروەها دوژمنكاری و ئاژاوەگێڕیی بەناوحاجییەكانی ئەو ڕێژیمە لە ناوەندە ئایینییەكانی حەجدا، ئەمساڵ هیچ حاجی یان بەناوحاجییەكی ئێرانی رێگەی پێ نادرێت بەشداریی ڕێوڕەسمی حەج بكات.
لە لایەكی دیكەوە، موحەممەد بن نایف بن عەبدولعەزیز، شازادەی جێنشین، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆی عەرەبستانی سعوودی جەختی كردەوە كە لە پێوەندی لەگەڵ بەشداریی هاوڵاتیانی ئێرانی لە ڕێوڕەسمی حەجدا، ئەوە تاران بوو كە ئەمساڵ بوو بە ڕێگر لە بەردەم بەشداریكردنیان لەو ڕێوڕەسمەدا و حەجی كردە ڕێوڕەسمێكی سیاسی.
شازادە نایف ڕۆژی دووشەممە 5ی سێپتامبر لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە ئامادەكاریی هێزەكانی پاراستنی ڕێوڕەسمی حەج لە وەڵامی تۆمەتی هێندێك لە میدیا ئێرانییەكاندا كە عەرەبستان بە پێشگرتن لە بەشداریی حاجییەكانی ئێران تۆمەتبار دەكەن، ڕایگەیاند: "ئەوەی كە ڕاگەیەنەكان و هێندێك لە بەرپرسانی ئێران باسی دەكەن، هیچ بنەمایەكی نیە، ئەوان باشتر لە هەموو كەسێك دەزانن كە عەرەبستان هەموو پێداویستییەك بۆ حاجییە ئێرانییەكانیش وەكوو حاجییەكانی هەموو وڵاتانی دیكە ئامادە دەكات، بەڵام ئەمساڵ نوێنەرایەتیی حەجی ئێران كۆمەڵێك داخوازیی بە پێچەوانەی ئامانجەكانی حەج پێشكەش كردبوو كە ئەو داخوازییانە تەناهی و ئاسایشی هەموو حاجییەكانی بە حاجییە ئێرانییەكانیشەوە لەگەڵ هەڕەشە بەرەوڕوو دەكرد".
ناوبراو هەروەها ئەوەشی زیاد كرد كە حكوومەتی عەرەبستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات هەلومەرجێك بێتە ئاراوە كە ناتەبا لەگەڵ ئامانجەكانی حەج بێت و هەڕەشەیەك لە لایەن ئێران یان هەر لایەنێكی دیكەوە بكرێتە سەر ژیان و تەندروستیی حاجییەكان.
شازادە نایف هەروەها جەختی كردەوە كە ئەوە بەرپرسانی ئێرانین كە لە بەر هەر هۆكارێك كە پێوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، نایانهەوێ حاجییە ئێرانییەكان لە ڕێوڕەسمی حەجدا بەشداری بكەن و لە چوارچێوەی هەوڵەكانیاندا بۆ بەسیاسیكردنی حەجدا دەیانهەوێ ئاسایشی حەج و حاجییەكان تێك بدەن. ئێمە ئەو كارە قبووڵ ناكەین و بە هەموو توانای خۆمانەوە لە بەرانبەر هەر كەسێكدا ڕادەوەستین كە بیهەوێ ئاسایشی ڕێوەڕەسمی حەج تێك بدات".