یەکیەتی ئورووپا ھۆشداری دایە بەشار ئەسەد

کوردستان میدیا: یەکیەتی ئورووپا بە فەرمی داوای لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد کرد کە کۆتایی بەھێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆ سەر حەلەب بھێنێت.
دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ خەرمانان هێزە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد هێرشیان کردە سەر کاروانێکی ھاوکاریی مرۆیی لە حەلەب، یەکیەتی ئورووپا بە فەرمی داوای لە ڕێژیمی ئەسەد کرد کە کۆتایی بە ھێرشە ئاسماییەکانی خۆی بۆ سەر ئەو شوێنانە لە حەلەب بھێنێت کە تیرۆریستی لێ نیە.
فێدریگا مۆگرینی بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا و کریستۆز ستیلیانیدزی ئەندامی کۆمسیۆنی ھاوکاریی مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیران لە یەکیەتی ئورووپا، لەبارەی ھێرشە ئاسمانییەکەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بۆ سەر کاروانێکی ھاوکاریی مرۆیی لە حەلەب، ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکە سەرەڕای ئەوەی ئاماژە بەوە دەکا کە ئەو ھێرشەی کە بۆ سەر کاروانی ھاوکاریی مرۆیی لە حەلەب ئەنجام درا جێگەی قبووڵ کردن نیە، هاوکات پێداگری دەکات کە پێویستە ھاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی پارێزراو بۆ هەموو شوێنێک ڕەوانە بکرێت و بە ھەموو شوێنێک بگات.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە؛ پێویستە هەمیشە خەڵکی سڤیل و ئەو کەسانەی کە کاری گواستنەوەی ھاوکاری مرۆیی ئەنجام دەدەن، پارێزراو بن.
ئەو دوو بەرپرسە لە یەکیەتی ئورووپا ھاوکات سەرەخۆشی خۆیان پێشکەش بە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو ھێرشە کرد.