جان کێری: ناوچەی دژەفڕین لە سووریە جێبەجێ بکرێت

کوردستان میدیا: جان کێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ پاراستنی فریاگوزاران لە سووریه پێشنیاری کردووە کە ناوچەیەکی دژەفڕین لەو وڵاتە جێبەجێ بکرێت.
دوای شەڕی سووریه و چڕتڕبوونەوەی کێشەکانی نێوان ڕووسیە و ئامریکا لە سەر شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتە، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا پێشنیاری کرد کە ناوچەیەکی دژەفڕین بۆ فڕۆکەکانی سووریە دیاری بکرێت.
کێری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە بەرپرسی قەیرانی سووریه و بۆردومان کردنی کاروانی فریاگوزاران زانی و هەروەها گوتی کە؛ گومانی جیددی سەبارەت بە پابەند بوونی مۆسکۆ و دەمیشق به ئاگربەس هەیە.
دوای ئەوەیکە کاروانی فریاگوزارن لە شاری حەلەب کەوتە بەر بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سووریه، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کردەوەیەی بە تاوانی شەڕ لە قەڵەم دا.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەراوردی کردووە کە؛ نزیک بە ٥٠٠ هەزار کەس لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا کوژراون و نزیک بە ١١ میلیۆن خەڵکی سووریە، واتە نیوەی حەشیمەتی ئەو وڵاتە بەناچار ماڵ و سامانیان بەجێهێشتووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، بە بەڵگە باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی سووریه لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیەوە، هەر مانگێک زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە زیندانەکانی ئەسەددا کوژراون و تا ئێستا زیاتر ١٧٧٠٠ زیندانی گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سووریە و چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لانیکەم ٨٥ هەزار سووری بەشێوی سەرەڕۆیانە لە لایەن ڕێژیمی بەشار ئەسەدەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون و هەنووکە لە زیندانەکان لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.