چالاکێکی کرێکاری کۆچی دوایی کرد

کوردستان میدیا: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری لە شاری سنە بە هۆی نەخۆشینی گورچیلەوە گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕیکەوتی ١ ڕەزبەر، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی گوندی نایسەر سەر بە شاری سنە، بەناوی نەسروڵڵا فەتحی بە هۆی نەخۆشینی گورچیلەوە، گیانی لەدەست دا.
کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، ناوبراو بە هۆی لە دەستدانی یەکێک لە گورچیلەکانی لە ماوەی زیندانی بوونیدا، ماوەی یەک ساڵە تەندروستی باش نەبوو.
نەسروڵڵا فەتحی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ساڵی ١٣٦١هەتا ٦٣ی هەتاوی، بە هۆی چالاکیی سیاسیەوە لە زیندانەکانی ڕێژیمی تێروریستی خومینیدا بووە و بە هۆی ئازار و ئەشکنجە و لێدانەوە، تووشی نەخۆشی دەبێت و یەکێک لە گورچیلەکانی لە دەست دەدات.
هەر لەو پەیوەندییەدا، لە مانگی گەلاوێژی ڕابردووشدا، چالاکێکی کرێکاریی دیکە بە ناوی عومەر شاکری لە شاری سەقز بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.