پاشماوەی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک لە عراق ڕاگوێزران

کوردستان میدیا: پڕۆسەی بردنەدەرەوەی ئەندامانی یەکێک لە گەورەترین ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە خاکی عراق کۆتایی پێهات.
ڕاگەینە نێونەتەوەییەکان ڕۆژی ڕابردوو نۆزدەی خەرمانان، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە تێدا هاتبوو؛ هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران لە عێراق ڕاگوێزران.
کۆتا کاروانی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە سیاسیـنیزامییە کە پێکهاتبوو لە ٢٨٠ کەس ، کەمپی لیبێرتی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدایان بەرەو وڵاتی ئاڵبانی بەجێهشت.
هاوکات دەگەڵ هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ماڵپەڕی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێرانیش بە "سەرکەوتنی گەورە" لەقەڵەمدانی ئەم ڕاگوێزانە، بە فەرمی کۆتایی هاتنی بوونی ٣٠ ساڵەی ئەو ڕێکخراوەی لە خاکی عراق پشتڕاست کردووەتەوە.
ڕەوتی ئیسلامیـ چەپی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران یەکێک لە گەورەترین دژبەرانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێراندا هەژمار دەکرێت کە لە جۆزەردانی ١٣٦٠ هەتاویدا ئامانجی خۆی بە "ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" ڕاگەیاندووە.
سەبارەت بە ڕاگوێزرانی زیاتر لە ٣ هەزار موجاهێد، کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامریکا و ڕێکخراوی موجاهیدین نزیک بە ٤ ساڵ لەمەوبەر، ڕێککەوتنیان واژۆ کردبوو.
هەروەها جان مەک کین و ئید ڕۆیس لە سەناتۆرەکانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، پێشوازییان لە چوونە دەرەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران لە عێراق کرد.
ڕێکخراوی ناوبراو وێڕای خەباتی ٥١ ساڵە لە ئێراندا، زۆرێک لە ئەندامانی جیابووەوەی، باس لە نێوەڕۆکی سکتاریستی ئەو ڕێکخراوە دەکەن.
یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا لە ڕێبەندانی ٨٧ و ڕەزبەری ٩١دا، ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکیان لە لیستەی ڕەشی تێرۆریستی دەرهێنا