۱۳۹۵/۰۶/۱۸


حیزبی دێموکرات تۆمەت و درۆ وەپاڵدراوەکانی ڕێژیم بە خۆی ڕەت دەکاتەوە

حیزبی دێموکرات تۆمەت و درۆ وەپاڵدراوەکانی ڕێژیم بە خۆی ڕەت دەکاتەوە

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ئیتهامی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ ئەوەیکە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات تەقەیان لە کۆڵبەران کردبێت ڕەت دەکاتەوە.
دوای ئەوەیکە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە دژە گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرزاییەکانی داڵانپەڕ تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەرانی کورد کرد و دوو کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی ئەو تەقەیەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا.

لە ئەنجامی ئەو تەقەیەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کۆڵبەرێک بە ناوی لەزگین شەعبانی خەڵکی کۆڵەبهی مەرگەوەڕ گیانی لە دەست دا.

دوای کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە دەست ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەرپرسانی ناوچەیی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە ئەو کۆڵبەرە کورد بە تەقەی کەسانی نەناسراو کوژراوە.

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەرپرسانی ڕێژیم بە بنەماڵەی لەزگین شەعبانی کۆڵبەری کوژرا ڕادەگەیەنێن کە کوڕەکەتان لە لایەن پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە کوژراوە و ئێوە بە بنەماڵەی شەهیدی خۆمان دەزانین و ئەو ئیمتیازاتەی کە بنەماڵەی شەهیدی ئێمە دەگرێتەوە بنەماڵەی ئێوەش دەگرێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای وه‌درۆخستنه‌وه‌ی ئه‌و ئیتهامەی بەرپرسانی ڕێژیم،‌ به‌ هه‌موو لایه‌ک ڕاده‌گه‌ینێت که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان پێشمه‌رگه‌کان ده‌ستیان له‌و کرده‌وه‌ دزێوەدا نه‌بووە و له‌ کاتی خۆشیدا له‌ ڕێگای ڕاگه‌یه‌نه‌کانی خۆی ئه‌م جینایه‌ته‌ی ڕێژیمی مه‌حکووم کرد‌.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کوشتنی کۆڵبه‌ران به‌ سیاسه‌تی ڕه‌سمی ڕێژیم له‌ دژایه‌تی گه‌لی کۆرد ده‌زانێت و چه‌ندین جار داوای له‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ر دوسته‌کان کردووه‌ سنوورێک بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی ڕێژیم دابنرێت.