نەتەوە یەكگرتووەكان، بەكارهێنانی گازی كۆلۆری لە لایەن ئەرتەشی سووریەوە ئاشكرا كرد

كوردستان میدیا: شوناسی دوو ئیسكادرانی هێلی كۆپتەر و دوو یەكەی سەربازیی ئەرتەشی سووریە كە بەرپرسیاری هێرش بە گازی كۆلۆر بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بوون، ڕوون بۆتەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە سەر زاری دیپلۆماتێكی ڕۆژئاواییەوە ڕایگەیاند دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی چەكی كیمیاوی، پشتبەستوو بە بەڵگە و زانیارییەكانی دەزگا هەواڵگرییە ناوچەیی و ڕۆژئاواییەكانە.
بە وتەی ئەو دیپلۆماتە، لەشكری ٢٢، تیپی ٦٣، ئیسكادرانی ٢٥٥ و ئیسكادرانی ٢٥٣ی ئەرتەشی سووریە بەرپرسیاری هێرش بە گازی كۆلۆر بۆ سەر خەڵكی سڤیلی ئەو وڵاتەن.
لە ئاڵوگۆڕێكی دیكە، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕۆژی هەینی ١٦ی سیپتامبر، ڕێژیمی سووریەی بە نانەوەی كۆسپ لە سەر ڕیگای گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ شاری حەلەب تۆمەتبار كرد.
واشینگتۆن هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ئەگەر ڕێژیمی سووریە بۆ جارێكی دیكە ڕێككەوتنی نێوان ڕووسیە و ئەمریكا پێشێل بكات، ئەو وڵاتە هاوكارییە سەربازییەكانی خۆی لەگەڵ ڕووسیە لە سووریەدا ڕادەگرێت.
جاش ئێرنێست، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند: "پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە ئاگربەست، هێشتا گەیاندنی كاروانی یارمەتییە مرۆییەكان لە سنوورەكانی توركیە و سوریەدا لەگەڵ كۆسپ و تەگەرەی زۆر بەرەوڕووە".
هاوكات، پیتر كۆك، وتەبێژی پێنتاگۆن، وێڕای دەربڕینی بێهیوایی بەرانبەر بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە لە لایەن ڕێژیمی سووریەوە ڕایگەیاند ئەگەر بڕگەكانی ئاگربەست بە تەواوی جێبەجێ نەكرێن، واشینگتۆنیش پابەندی بەڵێنییەكانی خۆی لەو ڕێككەوتنەدا نابێت.