ڕێژیمی ئێران پێشەنگی تێرۆریزمە

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی لە دژکردەوە بە وتاری هاوتای ئێرانیی خۆی، "خومەینیسم"ـی وەک ئیدئۆلۆژیی تایفەگەرایی و توندئاژۆیی ناو برد.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە وتارێکی عادل ئەلجۆبەیردا، بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ڕێژیمی ئێران یەکەمین دەوڵەتە لە پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم لە جیهاندا، و ڕێبەرانی ئەو وڵاتانە لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ لە زۆربەی کردەوە تێرۆریستییەکاندا دەستیان هەبووە.
ناوبراو هەروەها دەنوسێت کە؛ ڕێژیمی ئێران لە سەرەتاوە تا ئێستا هێرشی کردووەتە سەر ١٢ باڵوێزخانە لە تاران، و سپای پاسداران ناوەندە فەرهەنگییەکانی خوی لە زۆربەی وڵاتانی وەک سودان، نیجێریە، سووریه، لوبنان، یەمەن و دورگەی کومۆر جێگیر کردووە.
وتارەکەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە وڵامدانەوەی وتارەکەی محەممەدجەواد زەریفه که ڕێکەوتی ٢٣ی ئەم مانگه لە نیۆیۆرک تایمزدا بڵاوی کردبووەوە.
ئەلجۆبەیر لەو وتارەی خۆیدا لەژێر ناوی "ئێران ناتوانێت ڕابردووی خۆی لە پشتیوانی کردن لە تێرۆریزم پاک کاتەوە" باس لەوە دەکات کە؛ لە سەرەتای دەسپێکی نائارامییەکان لە سووریه زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لەو وڵاتە بە دەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد کوژراون و ئێران بە ناردنی هێز و پشتیوانییە هەمە لایەنەکانی خۆی لە ڕێژیمی ئەسەد، شەریکی کوشتاری خەڵکی سووریەیە.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نیۆیۆرک تایمزدا باسی لەوە کردبوو کە؛ ڕێبەرانی عەرەبستانی سعوودی بە کەڵکوەرگرتن لە "کارت ایران" لە هەوڵی ئەوەدان وا پیشان بدەن کە ئاژاوەی زیاتر زەربە لە ئێران دەدات.
شەڕە قەڵەمی وەزیری عەرەبستانی سعوودی و ڕێژیمی ئێران، نوێترین حاڵەتە کە دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودی لە تاران و کۆنسولگەریی ئەو وڵاتە لە مەشهەد هاتووەتە ئاراوە.