۱۳۹۵/۰۶/۱۵


ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران چەک و سەربازی زیاتری ڕەوانەی سووریە کرد

ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران چەک و سەربازی زیاتری ڕەوانەی سووریە کرد

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە درێژەی پشتیوانییەکانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد چەک و هێزی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتە بەڕی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ڕێگای فڕۆکەی نیزامی، چەک‌وچۆڵ و هێزی سەربازیی و تفاقی شەڕی بۆ سووریە بەڕی کردووە و پشتیوانییەکانی لە ئەسەد زیاتر کردووە.



ماڵپەڕی "گزارش جنگ" بڵاوی کردووەتەوە کە سێ فڕۆکەی نیزامیی لە تارانەوە بۆ دەمێشق لە ڕێگای خاکی عێراقەوە ڕۆیشتوونەتە سووریه و چەک و هێزی سەربازییان بۆ ڕێژیمی ئەسەد ناردووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوەش دەکەن کە ڕووسیەش وێڕای ئێران پشتیوانییەکانی لە بواری چەک‌وچۆڵەوە زیاد کردووە.

ڕۆژی ڕابردوو جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران مەسعوود پزشکیان باسی لەوە کرد کە هاوکاریی نیزامیی ئێران و ڕووسیە و کەڵک‌وەرگرتنی ڕووسیه لە پایەگای هەوایی نۆژە، لە سەر بڕیاری خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم بووە.

ئەو بەرپرسەی مەجلیسی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردبوو کە پرسە سیاسی و ئەمنییەتییەکان پێوەندی بە شووڕای ئەمنییەتی میللی و ڕێبەری ڕێژیمەوە هەیە و پێوەندی بە مەجلیسەوە نیە و نابێت دەستێوەردان لەو کارانەدا بکات.

پشتیوانی و یارمەتییە مرۆیی و ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەشار ئەسەد بەردوام درێژەی هەیە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بە هەموو هێز و تواناوە لە سووریه شەڕ دەکەن.

لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا دامەزراوەی فۆربێسی ئامریکایی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای کۆمپانیای "ماهان‌ئێیر"ەوە، بە ژمارەی ساختەەوە گەشتی ئاسمانی بۆ سووریە ئەنجام دەدات، و لەو ڕێگایەوە چەکوچۆڵی سەربازی بۆ ڕێژیمی ئەسەد بەڕی دەکات.

لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوو تا ئێستا ٣٠٢ کەس لە ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە کوژراون و هەر بەپێی ئامارەکان زیاتر لە هەزار ئەندامی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران لە شەڕی سووریەدا کوژراون.